بەپێی وێنەكانی لە مانگە دەستكردەكانەوە وەرگیراون، ئەمڕۆ چوارشەم هەورێكی باراناوی لە ئاسمانی شارەكانی باشووری عێراق كۆبووەتەوە، سبەی پێنجشەم لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و باكوری عێراق باران و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبێت، ئەوەش لە چوارچێوەی كاریگەریی ئەو بارستە هەوا سارد و شێداەری ناوچەكەی گرتووەتەوە.
سادق عەتییە پێشبینیكاری كەشناسی دەڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆەوە تا سبەی بەیانی پێنجشەم باران لە شارەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی عێراق دەبارێت، بە گشتی كەشوهەوای شارەكانی عێراق سبەی سارد دەبێت، باران سلێمانی و دیالەش دەگرێتەوە، سبەی پێنجشەم لە تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستان باران دەبارێت، لە هەندێك ناوچە بارانی بەخوڕ دەبێت، جیا لە بارینی بەفر لە بەرزاییەكانی رۆژهەڵاتی دهۆك و باكوری هەولێر وۆباكوری رۆژهەڵاتی سلێمانی.
فەرمانگەی كەشناسیی عێراق وریایی لە دابەزینی ئاستی بینینی ئاسۆیی بۆ ئەمشەو و بەرەبەیانی سبەی پێنجشەم لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەدات.
لای خۆیەوە عەلی جابر زیادی كەشناسێكی تر ئاماژەی كرد كە كەشوهەوای عێراق لە رۆژانی داهاتوو تا یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان چەند نزمە پەستانێكی باراناوی بەسەریدا زاڵ دەبێت، لە هەرێمی كوردستان لە بەرەبەیانیی سبەی پێنجشەمەوە بەهۆی نزمە پەستانێكەوە بارانی مامناوەند بۆ توند لە چەند بەشێكی دەبارێت، بەگشتی لە 20ی ئەم مانگە و پێش كۆتاهاتنی مانگ باران دەبێت تا سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو لەگەڵ دەست پێكردنی مانگی رەمەزان.