پاش دوو ساڵ ڕاگرتن، دواجار تۆڕی MBC سعوودیی، پڕۆمۆی درامای "معاویە"ی لە خشتەی پرۆگرامەكانی ڕەمەزانی ئەمساڵدا بڵاو كردەوە، بەمەش گڕ لە ناو ماڵی پێڕەوكەرانی مەزەوی شیعە بەردەدات.
زنجیرە درامای معاویە، تێچووەكەی 100 ملیۆن دۆلارە و بەزمانی عەرەبی پەخش دەكرێت، پێشتر لە ژێر گوشاری هێزە شیعەكاندا پەخشكردنی ڕاگیرا.
بەپێی ڕوونكردنەوەكانی كەناڵەكە، ئەم كارە هونەرییە مێژووییە "داستانی ئیمپراتۆرییەك و مێژوویەك دەگێڕێتەوە كە لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا لە بیر نەكرێت".
دراماكە لەم مانگەدا دەبێتە هۆی تووڕەیی پێڕەوكەرانی مەزەوی شیعی و كۆمەڵێك هەرا دەنێتەوە، چونكە معاویە لای ئەوان جەلادێكە ماڵباتی ئالوبەیتی كوشتووە، بەتایبەت حوسێن.
د. یاسین تەها لەمبارەیەوە نووسیویەتی، پەخشكردنی ئەم درامایە لە دۆخی جیۆسیاسی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەشێت هەڵگری مانا بێت، چونكە لەپاش كەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریای پایتەختی ئومەوی و لاوازبوونی پشتێنە ئێرانییەكەی "مقاوەمە"، باسوخواسی ستایلی ئومەوییەكان لە دەوڵەتداریدا بە گەرمی گەڕاوەتەوە بۆ ناو ئەدەبیاتی سیاسی و میدیایی، بێگومان ئەم كارە هونەرییەش هێندەی تر مشتومڕی لەسەر دروست دەكات.
یاسین تەها دەڵێت، ڕاستە هەردوو كارەكتەری "ئیمام عەلی" و "معاویە" مێژوویین و هی بەر لە چواردە سەدەن، بەڵام لە هەمان كاتیشدا جەمسەر و شێوە قوتابخانەی قۆناغی "الفتنە"ن لە مێژووی ئیسلامیدا و لێكەوتە و كاریگەرییان لەسەر قۆناغەكانی پاش خۆیان بەردەوامە.
پاش ساڵانێكی زۆریش لە بزربوونی باسی دووەمیان، وا جارێكی تر لە بەرگی كارێكی هونەری گەورەدا دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەشێكە لەو هەنگاو و سیاسەتە كولتوورییەی لەم ساڵانەی دواییدا توركیا و وڵاتانی كەنداو، لە ڕێگەی فیلمەوە وەبەرهێنانی تێدا دەكەن، چونكە وەك دەگوترێت "وێنەیەك بە هەزار وشە".