بەهۆی خانەنشینبوونیەوە، هونەرمەند عەدنان كەریم وەك مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی، ماڵئاوایی لە زانكۆكە كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی شوبات، كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی، كۆمەڵێك وێنەی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویانە، "ئەمڕۆ مامۆستایانی كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە بەشی شێوەكاری، ڕێوڕەسمێكی ماڵئاوایی و ڕێزلێنانیان بۆ مامۆستای بەڕێز و ئازیزمان هونەرمەندی گەورەی كورد عەدنان كەریم رێكخست".
عەدنان كەریم لە ساڵی 1963 لە شاری كەركووك لە دایك بووە، خەڵكی گوندی ژاژڵەی سەربە ناوچەی شارباژێڕە، بەهۆی سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبكردنی ڕژێمی بەعسەوە، چوونەتە سلێمانی و هەر لەوێ ماونەتەوە، ساڵی 1985 بەشی شێوەكاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانیی تەواو كردووە، لە ساڵی 1991دا كوردستانی جێھێشتووە.
سەرەتای كاری ھونەریی هونەرمەند عەدنان كەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979 لەگەڵ تیپی موزیكی سلێمانی بە گۆرانیی "دەسماڵێ"، پاشان لە ساڵی 1980دا گۆرانیی "كازیوە"ی لەگەڵ تیپی موزیكی سلێمانیی تۆمار كرد بۆ شانۆگەریی زەلكاو كە بەرھەمێكی شانۆیی تیپی شانۆی پێشڕەوی كوردی بوو لە سلێمانی، بەڵام لەو تەمەنەیدا عەدنان گەلێك خزمەتی هونەری كوردی كردووە و یەكێكە لە داهێنەرترین هونەرمەندانی كوردە.
عەدنان بەگۆرانییەكانی گوێگرێكی زۆری لە كوردستانی گەورە هەیە و گۆرانییەكانی هەستی نەتەوایەتی خوتووكە دەدەن. عەدنان كەریم ساڵانێكی زۆر بەچەندان بەرهەمی بەپێز چووە ناو ناوە گەورەكانی هونەری كوردییەوە.