پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی پەیامنێری "وشە"دا لەبارەى پڕۆژەی رووناكی ئاماژەی دا، کەمینەیەک هەن دژی هەموو شتێکی کوردستانن بە ڕووناکیشەوە، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە کار بکەین و با ئەوانیش هەر قسە بکەن. هاوكات روونیشی كردەوە، ئەو كاتەی كە ئەو بابەتە لەگەڵ سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی شی كراوەتەوە و خراوەتە بەر باس، رەزامەندی داوە چونكە بۆی روون بووەتەوە بەم پڕۆژەیە ئەركی هاووڵاتی قورس نابێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پەیامنێری "وشە"دا لەبارەی پڕۆژەی رووناكییەوە ئاماژەی بەوە دا، کەمینەیەک هەن دژی هەموو شتێکی کوردستانن بە ڕووناکیشەوە، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە کار بکەین و با ئەوانیش هەر قسە بکەن.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو رەخنانەی كە ئاڕاستەی پڕۆژەكە دەكرێن لە رووی نرخەوە روونی كردەوە، خەڵک دەبێ خۆی ڕابێنێ لەگەڵ کوژانەوەی کارەبای زیادە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی.
هاوكات لەبارەی هەڵمەتێكی میدیایی مەبەستدار كە چەند رۆژێكە لەسەر پڕۆژەكە دروست بووە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا، لەو كاتەی لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەم پڕۆژە شی كراوەتەوە و خراوەتە بەر باس، ئەگەر سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی بیزانیبا ئەركی هاووڵاتی قورس دەبێت، هەرگیز رەزامەندی لەبارەوە نەدەدا.
هاوكات لەبارەی چۆنیەتیی سوودمەندبوونی هاووڵاتی لە كەم هاتنەوەی بڕی پارەی كارەبا، ئومێد خۆشناو ئەوەی گوت، هاووڵاتی ئەگەر هەمان ئەو هەڵسووكەوتەی لەگەڵ مۆلیدە دەیكات و دەست بە كارەباوە بگرێت، ئەوا بێگومان ئەو نرخەی مانگانە بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە بە كارەبای مۆلیدە و نیشتمانییەوە لە پڕۆژەی رووناكیدا كەمتری بۆ دەگەڕێتەوە.
لەبارەی بەئەنقەست گرانكردنی نرخی مۆلیدەكانیشەوە تا هاووڵاتی مەمنوونی نرخی كارەبای پڕۆژەی رووناكی بێت، ئومێد خۆشناو گوتی، بە هیچ شێوەیەك ئەم قسە راستیی تێدا نییە، هەموو هەوڵەكانمان ئەوە بووە بەردەوام كەمترین نرخ بۆ كارەبای مۆلیدەكان بێتەوە مانگانە.
بەپێی راگەیەنراوی ئەمڕۆی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پڕۆژەی رووناكیدا کۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستە 21 گەڕەک و 77 هەزار و 500 هاوبەش و نزیکەی 265 هەزار هاووڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.
جێگەی ئاماژەیە، هاووڵاتییان دەتوانن پێوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕێگای ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان کێشەک، سەنتەرەکەش لە سەعات نۆی بەیانی تاوەکو نۆی شەو بەردەستە.