چه‌ند رووداوێكی نوێ، كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر به‌های تمه‌ن داناوه و جارێكی تر هه‌ر دۆلارێك له بازاڕه‌كانی تاران، گه‌یشته نزیكه‌ی 93 هه‌زار تمه‌ن. ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی تمه‌ن له كاتێكدایه هه‌فته‌ی رابردوو دۆلار بۆ 89 هه‌زار تمه‌ن دابه‌زیبوو. ناردنی نامه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ عه‌لی خامنه‌یی و وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی عه‌لی خامنه‌یی به نامه‌كه و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره دانوستانێك له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به نوێترین هۆكاری پاشه‌كشێی تمه‌ن داده‌نرێت.
هه‌ر له دوو رۆژی رابردوودا وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، داوای له ئێرانییه‌كان كردبوو ئه‌و تمه‌نه‌ی هه‌یانه هه‌رچی زووه بۆ دۆلار بیگۆڕنه‌وه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو تمه‌ن له داهاتوودا دابه‌زینی زۆر گه‌وره‌تر تۆمار ده‌كات و لێدوانه‌كه‌یش راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خسته سه‌ر بازاڕه‌كانی ئێران.
ئه‌گه‌ر عه‌لی خامنه‌یی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی تره‌مپ به به‌ڵێ بدایه‌ته‌وه، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرا به‌های تمه‌نیش كه‌مێك به‌رز ببێته‌وه.
پێویسته بگوترێ مانگی رابردوو بۆ ماوه‌یه‌ك به‌های دۆلار گه‌یشته سه‌رووی 94 هه‌زار تمه‌ن و له حه‌واڵه‌دا گه‌یشته سه‌رووی 96 هه‌زار تمه‌ن.
له سه‌رده‌می بایدندا ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تێكی هێمنانه‌تری به‌رانبه‌ر ئێران گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی به ئێران دا هه‌نارده‌ی نه‌وت به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام سیاسه‌تی تره‌مپ جیاوازه و دیسان پلانی زۆرترین گوشاری گرتووه‌ته‌به‌ر. تره‌مپ پێی وایه مه‌به‌ستی ئێران له ده‌ستخستنی پاره، تیرۆر و ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به چه‌كی ئه‌تۆمییه و تا ئه‌و ساته‌ی به ته‌واوی وازی لێ نه‌هێنێت، ئه‌وا سزاكان له دژی قورس‌تر ده‌كات.
دواین هه‌ڕه‌شه‌ی كۆشكی سپی له ئێران، خستنه‌ڕووی دوو بژارده بووه كه یه‌كه‌میان رێككه‌وتن و دووه‌میان هێرشی سه‌ربازییه.
مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران كه كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی بریقه‌داری داوه، نه‌یتوانیوه هیچ هه‌نگاوێك بنێت كه پێگه‌ی دراوی وڵاته‌كه باشتر بكات، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات و په‌ره‌پێدانی ئابووری گرتوویه‌ته‌به‌ر جگه له قسه، هیچ شتێكی تر نه‌بووه. به‌رده‌وامیی ئێران له هه‌ڕه‌شه‌كانی و درێژه‌دان به سیاسه‌تی له‌ناوبردنی ئیسرائیل و رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ك، باری خراپی ئابووریی ناوخۆ و هه‌ڵاوسانی به‌رز دۆخی ناله‌باری ئابووریی ئێران، پاشه‌كشێی سه‌رجه‌م پێنوێنییه ئابووری و بازرگانییه‌كان و دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنان و قووڵتربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ناوخۆی ئێران و به‌رده‌وامیی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هۆكارگه‌لێكی ترن كه رۆژ به رۆژ له به‌های تمه‌ن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و هیچ ئاسۆیه‌كی روون بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی به‌دی ناكرێت.
له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی مه‌سعوود پزیشكیان له مانگی ته‌مووزی ساڵی رابردوو، نرخی دۆلار بۆ خوارووی 58 هه‌زار تمه‌ن گۆڕابوو، له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا 35 هه‌زار تمه‌نی تری هاتووه‌ته سه‌ر و تمه‌ن هێنده‌ی تر به‌های خۆی له ده‌ست داوه.
له‌وه‌ته‌ی تره‌مپ سه‌ركه‌وتووه، هیچ شتێك رووی نه‌داوه له قازانجی بازاڕه‌كانی ئێران‌دا بێت، پێشبینی ده‌كرێ به‌های دۆلار به‌مزووانه بگاته 100 هه‌زار تمه‌ن.
جگه له‌و شكسته‌ی ئێران له سووریا و لبنان به‌تایبه‌تی دوای رووخانی ئه‌سه‌د به‌ری كه‌وت، هۆكارێكی تری دابه‌زینی به‌های تمه‌ن، پێوه‌سته به به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ئێران و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌كان و به‌و هۆیه‌وه دراوی بیانی كه‌می كردووه، له‌لایه‌كی تره‌وه بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانیش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی داخوازی، هه‌وڵی زیاتری كڕینی دۆلار له بازاڕه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به هۆكارێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رانبه‌ر دراوی ئێرانی داده‌نرێت.