لە 6ی ئەم مانگە و لە ماوەی تەنیا دوو رۆژ شەڕی نێوان پاشماوەی رژێمی پێشوو و ئاسایشی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا خەریك بوو بۆ فیتنەیەكی گەورەی تایفی پەرە بستێنێت، لەو دوو رۆژەدا جیا لە زیانی گیانی هەردوو لایەنی شەڕكەر، سەتان هاووڵاتیی عەلەوی بوونە قوربانی و كوژران، بەڵام ئەوان بۆچی بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟
عەلەوییەكان لە رێگەی بنەماڵەی حافز ئەسەد و دوای ئەویش بەشار ئەسەد و حزبی بەعسی سووریا بۆ زیاتر لە 50 ساڵ فەرمانڕەوایەتیی سووریا دەكەن، لەو كاتەی كەمینەیەكی ئاینین و تەنیا 9%ی سووریا پێك دێنن، كەچی لەو ماوەیەدا هەزاران كەسیان لە پێكهاتەكانی تر، بەتایبەتی سوننە كوشت، بەڵام بنەمای تایفی و مێژووی ئەوان دوور لەو 50 ساڵەی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد رەنگە هۆكارێكی تر بووبێت بۆ هەوڵی سەركوتكردنیان.
عەلەوییەكان زیاتر لە هەردوو پارێزگای لازقییە و تەرتووس و لە ناوچەكانی جبلە و بانیاس و قرداحە و هیتریش نیشتەجێن، بەڵام بەهۆی پێوەندییان بە ماڵباتی ئەسەدەوە، جێی ئەوان لە سووریای نوێی زۆرینەی سوننە لەق بووە و ئەگەری هەیە لە هەر ساتێك و بە هەر هۆكارێك شەڕێكی مەزەوی لە ناوچەكانیان سەر هەڵبدات و سەركوت بكرێن.
ژمارەی عەلەوییەكان 1.7 ملیۆن كەسە، 9%ی دانیشتووانی سووریا پێكدێنن كە زۆرینەی سوننەیە، ئەوان زیاتر لە ناوچە كەناراوییەكانی سووریا، لازقییە و تەرتووس و هەندێكیشیان لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، حمس و حەما و دەشتی دیمەشق نیشتەجێن، لە سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد كۆڵەكەی فەرمانڕەوایەتیی سووریا بوون و زۆرینەی پێگە و پۆستە باڵا تەناهی و سەربازی و هەستیارەكانیان لە سووریا داگیر كردبوو و سیاسەتەكانی گرتن و ئازار و سەركوتكارییان بەرانبەر بە پێكهاتەكانی تر پێڕەو دەكرد.
عەلەوییەكان رۆڵی دیاریان لە مێژووی سووریا هەبووە و كەسایەتیی ناوداریان هەبووە وەك شێخ ساڵح عەلی، كە بەشدارێكی شۆڕشی سووریا لە دژی فڕەنسا بوو، لە 1920 فڕەنسا ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆ عەلەوییەكان دامەزراند، لە ساڵانی 50ی سەتەی رابردوو هاتنە ناو كایەی سیاسی و سەربازی لە رێگەی حزبی بەعس و لە كودەتاكانی 1963 و 1966 گەیشتنە دەسەڵات.
مەزەوی عەلەوی لە سەتەی 19 لەسەر دەستی محەمەد بن نەسیر دامەزرا، ئەوەش وای كرد كە بە نەسیرییەكان بانگ بكرێن، ئەوان باوەڕیان بە گواستنەوە رۆح هەیە و بیرۆكەی سێكوچكەی پیرۆزی پێغەمبەر محەمەد و ئیمام عەلی و سەلمان فارسی لە گرنگترین پرەنسیپەكانیانە، واتە باوەڕیان بەوان هەیە، لە لایەن سوننە و شیعەشەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێن وەك خوداوەند سەیری ئیمامی عەلی دەكەن، كەچی وەك خۆیان دەڵێن ئەو مۆركێكی خوای تیادایە و دوایین بەرجەستەی خوایە لەسەر زەویدا.
عەلەوییەكان بنەمای ئاینەكەیان ئاشكرا ناكەن، ئەوان مزگەوتیان نییە و رۆژوو ناگرن و حەج ناكەن و رێگە بە خواردنەوەی كحول دەدەن، ژنەكانیشیان حیجاب ناكەن، لەگەڵ موسڵمان و مەسیحییەكان جەژن دەكەن، هەندێك لە شارەزایان عەلەوییەكان وەك كۆپییەكی نوێی ئیسلامی شیعە دەناسێنن، وەك فابرێس بالونش توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، زۆرینەی باوەڕی عەلەوییەكان تێكەڵێكە لە ئاینەكانی تری وەك ئیسلام و زەردەشتی، زۆرینەی رێوڕەسمەكانیشیان ناروون و نهێنییە.
ئیبن تیمییە زانای ئیسلام داوای لەناوبردنی ئەو تایفەی كردووە، كە لەسەر دەستی محەمەد بن نەسیر بەكری نمەیری دامەزراوە و پێیان دەگوترا نەسیری، بەڵام فڕەنسییەكان ناوی ئەوانیان بۆ عەلەوییەكان گۆڕی بۆ ئەوەی نزیك لە شیعە دەربكەون، لەوكاتەی لە 1932 وەك موسڵمان ناسران، بەڵام لە لایەن سوننەكانەوە هەر وەك كافر و زندیق سەیر كراون.
بیرۆكەی جیابوونەوە و دامەزراندنی ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆ عەلەوییەكان لە كۆن و نوێ هەر هەبووە، لە دوای هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی، پاشەكشەكردن بۆ ناوچەی عەلەوییەكان و دامەزراندنی ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆیان بژارەیەكی بەشار ئەسەد بووە، بەڵام دركی بەوە كرد كە ئەو كارەی لەبەر چەند هۆكارێك سەر ناگرێت، لەوانە سوننە قبووڵ ناكەن و گوشاری ئابووری دەخەنە سەر لە رووی پیشەسازی و سەرچاوەی داهاتیشەوە لاوازە و وڵاتانی ناوچەكەش، بەتایبەتی توركیا لەبەر عەلەوییەكانی خۆی قبووڵی ناكات.
ئێستەش وەك ئاروون لۆوند توێژەر باسی دەكات، چەكدارانی عەلەوی ناتوانن ببنە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی دیمەشق، بەڵام وەك كێشەیەكی گەورە دەمێننەوە، بۆیە مەترسی هەیە رووداوەكانی دوایی ببنە سەرچاوەی ناسەقامگیرییەكی گەورە لە ناوچەكە، چونكە هەردوولا متمانەیان بە یەكتر نەماوە و هەست بە هەڕەشەی یەكتر دەكەن، بۆیە ناوچە كەناراوییەكان بووەنەتە بۆمبێكی تری چێنراو لە سووریا.