دوای زنجیرە هێرشێكی سەربازی بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن، ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیەكی توندی لەوان كرد بەوەی كاتی ئەوان كۆتایی هاتووە و پێویستە هێرشەكانیان كۆتایی بێت، ئەگەر وا نەكەن دۆزەخێك دەبینن پێشتر نەیانبینیوە.
ئەمشەو هێزەكانی ئەمەریكا هێرشێكی فرەوانی دەریایی و ئاسمانیان كردە سەر حوسییەكانی یەمەن، چەندان ئامانجیان پێكان، لەوانە بەرگریی ئاسمانی و سیستمی مووشەكی و درۆنەكانیان، كە لە ماوەی رابردوو بەهۆیانەوە هەڕەشەیان دەكردە سەر رێڕەوی دەریاوانی لە دەریای سوور.
ئەمشەو
ترەمپ لە تروس سۆشیال نووسیویەتی، لە ماوەی رابردوو حوسییەكان هەڵمەتێكی بەردەوامی چەتەیی و توندوتیژی و تیرۆریان لە دژی كەشتی و فڕۆكە و درۆنەكانی ئەمەریكا و هیتریش ئەنجام دا، وەڵامی جۆ بایدن سەرۆكی پێشوو ئەوەندە لاواز بوو جێی بەزەییهاتنەوە بوو، بۆیەش حوسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوام بوون، زیاتر لە ساڵێك بەسەر تێپەڕبوونی سەلامەتیی دوایین كەشتیی ئەمەریكی بە كەناڵی سوێس و دەریای سوور و كەنداوی عەدەن تێپەڕی.
ترەمپ دووپاتی كردەوە، بەر لە چوار مانگ دوایین كەشتی سەربازی ئەمەریكا دەریای سووری بڕی و زیاتر لە 12 جار رووبەڕووی هێرشی حوسییەكان بووەوە، كە ئەوان بە پاڵپشتیی ئێران مووشەكیان دەگرتە فڕۆكەكانی ئەمەریكا و ئێمە و هاوپەیمانەكانی ئێمەیان دەكردە ئامانج و زیانی چەندان ملیار دۆلاریان پێ گەیاندین، جیا لەوەی گیانی ئەوانیان خستە مەترسییەوە، بۆیە چیتر چاوپۆشی لە هێرشی ئەوان بۆ سەر كەشتییە ئەمەریكییەكان ناكەین و هێزیان لە دژی بەكاردێنین.
ترەمپ روونی كردەوە، حوسییەكان جموجۆڵی دەریاییان لە یەكێك لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەكان لە دنیا پەك خستووە، بووەتە هۆی وەستانی رێژەیەكی گەورەی بازرگانیی دنیایی، بۆیە ئێستە سەربازە ئازاكانمان هێرش دەكەنە سەر بنكەی تیرۆریستان و سەركردە و بەرگریی ئاسمانی و مووشەكەكانیان بۆ پاراستنی كەشتییەكانی ئەمەریكا و پارچە دەریایی و ئاسمانییەكانمان، بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی كەشتیوانی، چیتر هیچ هێزێكی تیرۆریستی رێگری لە كەشتییە بازرگان و دەریاییەكانی ئەمەریكا ناكەن لە گەشتكردن بە ئازادی لە رێڕەوە دەراییەكان لە دنیا.
ترەمپ روو دەكاتە حوسییەكان بەوەی كاتی ئێوە هاتووە و پێویستە لەمڕۆوەوە هێرشەكانتان بوەستن، ئەگەر ئەوە نەكەن دۆزەخێك دەبیننن كە پێشتر نەتانبینیوە، هاوكات پێویستە ئێران دەستبەجێ لە پاڵپشتیكردنی حوسییە تیرۆریستەكان بوەستێت، هەڕەشە لە گەلی ئەمەریكا و سەرۆكەكەی و رێڕەوە دەریاییەكان مەكەن، چونكە ئەگەر ئەوە بكەن وریا بن ئەمەریكا لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەكات و نەرمیتان لەگەڵ نانوێنی.