دڵ یەكێكە لە گرنگترین ئەندامەكانی لەش و ژیان و تەندروستیی مرۆڤ پێوەستە بە بوونی دڵێكی تەندروستەوە، كێشەكانی دڵ لە هۆكاری سەرەكیی مردنن لە دنیا، پزیشكێكی رووسی باسی سوودەكانی تۆوی كولەكە بۆ تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن دەكات.
د. دیمیتری سیمیریادۆڤ شارەزای خۆراك دەڵێت، تۆوی كولەكە سەرچاوەیەكی گرنگی دژەهەوكردن و مەگنسیۆم و زنك و چەورییە ناتێرەكانە كە پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن دەكەن، رۆنی تۆوی كولەكە ئاستی پەستانی خوێن و كۆلیسترۆڵ كەم دەكاتەوە، كە دوو هۆكاری مەترسین بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن.
روونی كردەوە، توێژینەوەیەكی 12 هەفتەیی كە 35 ژنی لە قۆناغی كۆتاهاتنی یەكجارەكی سووڕی مانگانە گرتەوە، دەری خست تەواوكاری تۆوی كولەكە ئاستی پەستانی خوێنی بە رێژەی 7% و ئاستی كۆلیسترۆڵی بە رێژەی 16% كەم كردووەتەوە، توێژینەوەی تر توانای تۆوی كولەكەی بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی لەش بۆ ئۆكسیدی نتریك دووپات كردەوە كە لوولەكانی خوێن خاو دەكاتەوە و یارمەتی دابەزینی ئاستی پەستانی خوێن دەدات.
وەك ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات، تۆوی كولەكە بەهایەكی گەورەی خۆراكی هەیە، بۆ نموونە 28 گرام لە تۆوی كولەكەی سپیكراو 160 كالۆری تیادایە، لە چەوری و پرۆتین و مەنگەنیز و مەگنسیۆم و زیو و فۆسفۆر و زنك و ئاسن پێك هاتووە، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە، بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك لە ژنان لە قۆناغی دوای وەستانی سووڕی مانگانە.