توێژینەوەیەكی نوێ‌: قەڵەوی لە منداڵیدا سییەكان تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەكات

:: PM:02:25:23/03/2025 ‌
توێژینەوە نوێیەكان دەریدەخەن كە بوونی شێوازی ژیان و كێشی زیادە یان قەڵەوی لە تەمەنی منداڵیدا، پێوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی درێژخایەنی سییەكان (COPD) لە تەمەنی گەورەییدا هەیە.

تیمی توێژینەوەكە بە سەرۆكایەتی فریدا ڕیشتێر و جێنیفر لین بەیكەر لە سەنتەری توێژینەوەی كلینیكی و خۆپاراستن لە نەخۆشخانەی زانكۆی كۆپنهاگن هەوڵیانداوە لێكۆڵینەوە لە پێوەندی نێوان كێشی منداڵی و نەخۆشی COPD بكەن بە پێی ڕاپۆرتی مێدیكاڵ ئێكسپرێس، بڕیارە توێژینەوەكە لە كۆنگرەی ئەوروپی بۆ قەڵەوی ئەمساڵ لە 11 تا 14ی ئایار پێشكەش بكرێت.

بە بەدواداچوون بۆ داتاكانی 276 هەزار كەس لە ساڵی 1977 تا 2022 لە تۆماری تەندروستی نیشتمانی دانیمارك، دەركەوت كە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی COPD بە ڕێژەی 10% زیاترە لەو ژنانەی كە لە منداڵیدا كێشیان لە سەرووی تێكڕای كێشەوە بووە.

مەترسییەكان بە ڕێژەی 26% زیاتر بووە بۆ ئەو ژنانەی كە لە منداڵیدا كێشیان زیادە، هەروەها 65% زیاتر بووە بۆ ئەو ژنانەی كە كێشیان پێوەندی بە قەڵەوی منداڵییەوە هەبووە.

بۆ پیاوان، مەترسی تووشبوون بە ئیمبۆلیزمی سییەكان بە ڕێژەی 7% زیاتر بووە بۆ ئەوانەی لە منداڵیدا كێشیان لە سەرووی مامناوەندەوە بووە، 16% زیاتر بووە بۆ ئەوانەی كێشیان زیادە لە منداڵیدا و 40% زیاتر بووە بۆ ئەوانەی كە قەڵەوی منداڵییان هەبووە.

توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە "هەبوونی كێشی لەش لە مامناوەندی زیاتر لە تەمەنی منداڵیدا ڕەنگە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی COPD لە دواتردا زیاد بكات".



وشە - سه‌رخێڵ هاشم