پیاوێك لە ژاپۆن نیو سەدەیە بە هەڵە گیراوە و دوای ئەوەی بێتاوان دەرچوو، دادگا بڕیاری دا بە بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار دۆلار قەرەبوو بكرێتەوە.
ئیواو هاكامادای تەمەن 89 ساڵ لە ساڵی 1966ـەوە بە تۆمەتی كوشتنی خێزانێكی چوار كەسی، لە ناوەڕاستی ژاپۆن گیرا، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، كاتێك دووبارە دادگایی كرایەوە، بێتاوان دەرچوو.
هاكامادا پێشتر یاریزانی بۆكسێنی پیشەگەر بووە، تۆمەتبار كرابوو بە كوشتنی خاوەنكارەكەی و هاوسەرەكەی و دوو كوڕەكەیان، دوای گرتنی ماوەی 20 رۆژ لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و ددانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بەڵام ئێستە گوتوویەتی لە ژێر فشاردا تاوانەكەی لە ئەستۆ گرتووە و لێی دراوە.
زیاتر لە 40 ساڵ چاوەڕوانی سزای لەسێدارەدانی كردووە، زۆربەی ماوەی دەستبەسەركردنی لە ژووری تاكەكەسیدا دانراوە و لەو ماوەیەشدا باری دەروونی تێكچووە.
دوای ئەوەی دەركەوت بێتاوانە، دادگای ناوچەی شیزۆكا، بڕیاری داوە بە قەرەبووكردنەوەی "ئیواو هاكامادا" بەهۆی ئەوەی ماوەی نیو سەدەیە بە هەڵە لەسەر تاوانێك گیراوە، بۆیە بە 1.5 ملیۆن دۆلار قەرەبوو كرایەوە.
بەگوتەی تیمی یاسایی هاكەمادا، ئەم بڕە پارەیە زۆرترین قەرەبووی تاوانكارییە كە لە وڵاتدا خەرج كراوە.
بەپێی یاساكانی ژاپۆن، كەسێكی بێتاوان مافی ئەوەی هەیە بۆ هەر ڕۆژێكی دەستبەسەركردن تا 12،500 یێن وەربگرێت.