ساڵ به‌ساڵ هاتنی گه‌شتیار بۆ هه‌رێمی كوردستان له زیادبووندایه، به‌پێی پێشبینییه‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بۆ رۆژانی پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ، سه‌تان هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن و له ئێسته‌یشه‌وه به‌شی زۆری هۆتێل و میوانخانه و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان گیراون، زۆرینه‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ش هاووڵاتیی خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق و گه‌شتیاری وڵاتانی دراوسێ و بیانین.
عه‌تا ئه‌نوه‌ر به‌رپرسی كۆمپانیا و نووسینگه گه‌شتیارییه‌كان، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه له گرووپه‌كانی گه‌شتیاریی كار ده‌كه‌ن، گرێبه‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی عێراق و خواروو و ناوه‌ڕاست نوێ كردووه‌ته‌وه بۆ هێنانی گرووپه‌كانی گه‌شتیاری، ئه‌مساڵ جه‌ژن بۆ گه‌شتیاران جیاواز ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی نه‌ورۆز كه‌وته ره‌مه‌زان و گه‌شتیار زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام بۆ جه‌ژنی ره‌مه‌زان جیاواز ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه گه‌شتیارێكی زۆر روو ده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان، پێشبینیی هاتنی سه‌تان هه‌زار گه‌شتیار ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانیان.
ئه‌و روونی كرده‌وه، ''ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی كه سه‌ردانی ناوچه‌كانمان ده‌كه‌ن، زۆرینه‌ی گه‌شتیاری عێراقین، دواتر گه‌شتیاری ئێرانی و توركی و دواتریش هی وڵاتانی تری بیانییه، هاتنی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ش به‌هۆی ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌موو هاووڵاتییان له هه‌رێمی كوردستان پارێزراون و ئاسایشێكی زۆر هه‌یه و خه‌ڵك به ئارامی كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هه‌رێمی كوردستانیش بووه‌ته ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری، بۆیه ساڵانه چاومان له سه‌تان هه‌زار گه‌شتیار هه‌یه له بۆنه‌كاندا.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌موو هۆتێل و میوانخانه‌كان ئاماده‌كارییان كردووه بۆ هاتنی گه‌شتیاران بۆ رۆژانی جه‌ژن و گه‌شتیار هه‌یه له ئێسته‌وه هاتووه‌ته هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی زۆر له هۆتێل و میوانخانه‌كانیش له ئێسته‌وه له‌لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه گیراون و هۆتێل هه‌یه شوێنی نه‌ماوه، ئه‌مه دڵخۆشكه‌ره بۆ هه‌مووان.
سوهه‌یب سه‌عید،سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، به "وشه"ی گوت، ئه‌مساڵ جه‌ژن بۆ گه‌شتیاران جیاواز ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌ورۆز كه‌وته ناو مانگی ره‌مه‌زان، گه‌شتیاران نه‌یانتوانی بچنه ده‌ره‌وه بۆ گه‌شت و گه‌ڕان، به‌ڵام گه‌شتیاران بۆ جه‌ژنی ره‌مه‌زان و رۆژانی پشوو هه‌قی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مساڵ له جه‌ژنی ره‌مه‌زان به رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو گه‌شتیاران سه‌ردانی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێی هاتنی گه‌شتیارێكی زۆر ده‌كه‌ین.
ناسر ئیسماعیل شاره‌زای بواری ئابووری، به "وشه"ی راگه‌یاند، كه‌رتی گه‌شتیاری یه‌كێكه له كه‌رته به‌هێزه‌كانی هه‌ر وڵاتێك له رووی ئابووری و بووژانه‌وه‌ی بازاڕ، چونكه گه‌شتیار راسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن دوكان و شوێنه‌كان و ناوچه گه‌شتیارییه‌كان ده‌كات، ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ده‌یهێنێته هه‌رێمی كوردستان، راسته‌وخۆ بۆ گیرفانی خه‌ڵك ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئارامی و سه‌قامگیرییان تێدایه، بۆ گه‌شتیاران له‌بارترن، هه‌رێمی كوردستان نموونه‌ی ئه‌و ئارامییه‌یه.
پێویسته بگوترێت ساڵانه له هه‌ردوو جه‌ژنی ره‌مه‌زان و قوربان، به‌پێی ئاماره‌كان سه‌رووی 200 هه‌زار گه‌شتیار له رۆژانی جه‌ژن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌و گه‌شتیارانه‌ش به ده‌یان و سه‌تان ملیۆن دۆلار ده‌هێننه هه‌رێمی كوردستان و خه‌رجی ده‌كه‌ن.
وشه/ هۆشیار عه‌لی