ئەو خۆراكانەی سپیی پرچ دوا دەخەن

:: PM:01:07:05/04/2025 ‌
سپیی پرچ دیاردەیەكی سروشتییە و لە قۆناغێكی ژیان و تەمەندا وردە وردە دەردەكەوێت، وێڕای ئەوەی هەندێك جار بۆماوەیی و دڵەڕاوكێ و سیستمی خۆراكی و دۆخی دەروونی، ڤاكتەرن بۆ زوو سپیبوونی پرچ، بەڵام پسپۆرانی بواری تەندروستی ئاماژە دەدەن كە هەندێك خۆراك هەن، وا دەكەن سپیبوونی پرچ دوا بخرێت.

پسپۆرانی تەندروستی كە قسەیان بۆ پێگەی "عەرەبیە" كردووە، جیا لە بۆماوەیی و دۆخی دەروونی، هاوكات ئاماژە بە دڵەڕاوكێ دەكەن كە ڤاكتەرێكی كاریگەرە بۆ زوو سپیبوونی پرچ، بەتایبەتی دڵەڕاوكێی دەروونی. چونكە ئەو دڵەڕاوكێیە هۆڕمۆنی كۆرتیزۆل لە جەستە بەرهەم دێنێت و كاریگەریی هەیە لە گەیشتنی بە مێشك لە رێگەی گەدە و سییەكان و دڵ، دواتریش دڵەڕاوكێكە زیاتر دەكات و كاریگەریی دەبێت لە زوو سپیبوونی پرچ.

هاوكات پسپۆرانی باس لە هەندێك خۆراك دەكەن كە كاریگەرییان لە دواخستنی سپیبوونی پرچ هەیە، بەتایبەتی هەندێك لە سەوزەواتەكان وەك برۆكلی و كەرەوز و گێزەر. برۆكلی كە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "سی" و دژە ئۆكسید، یارمەتیدەرە بۆ پارێزگایكردن لە پێستی سەر و قۆناغی پیربوون دوا دەخات. هەروەها كەرەوز دەوڵەمەندە بە ئاسن و دژە ئۆكسید و مادەی میلانین بەرهەم دێنێت، ئەویش بەهەمانشێوە سیپبوونی پرچ دوا دەخات. دواتریش گێزەر كە ئەویش دەوڵەمەندە بە بیتاكارۆتین، ئەو مادەیەیش تەندروستیی پێستی سەر باشتر دەكات و  سپیبوونی پرچ دوا دەخات.

هەروەها پسپۆران باس لەوە دەكەن كە تەنیا ئەو سەوزەواتانە نین كە كاریگەرییان لەسەر دواخستنی سپیبوونی پرچ هەیە، بەڵكو زۆر خۆراك هەن بۆ دواخستنی سیپبوونی پرچ بە سوودن، نموونەیان ماسییە چەورەكانی وەك سەردین و سەلەموون و ماكاریل، چونكە دەوڵەمەندن بە ترشەڵۆكی چەوری و ئۆمیگا3، ئەوانەیش هۆكارن بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوكێ و دواتریش دواخستنی سیپبوونی پرچ.

ئەڤۆگادۆیش كە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "بی" و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم، بەهەمانشێوە دڵەڕاوكێ كەمتر دەكەنەوە. نۆكیش كە لە خێزانی پاقلەمەنییەكانە، بەشێكی زۆری مەگنسیۆم و ڤیتامین "بی 1" لەخۆ دەگرێت، ئەویش ڤاكتەرە بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوكێ. هەروەها سپێناخ بەشێكی زۆری مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم و ڤیتامین "بی6" لەخۆ دەگرێت، ئەویش هۆكارە بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوكێ و لە ئاكامدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە دواخستنی سپیبوونی پرچ.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د