بۆچی پێویستە ژنی دووگیان بیبەری تون بخوات؟

:: PM:08:35:05/04/2025 ‌

دووگیانیی ژن قۆناغێكی نائاساییە، لەشی چەند گۆڕانكارییەكی بەسەردا دێت، لەو كێشانەی ژنان لە كاتی دووگیانیدا تووشی دەبنەوە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هەناسەتەنگی و ئاوسانی لەش و ئەگەری تووشبوونیانە بە شەكرەی دووگیانی، بۆیە پێویستە بۆ تەندروستیی خۆیان و كۆرپەلەكانیان بە وردی پابەندیی رێنوێنییە پزیشكییەكان بن.

توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی بۆفالۆی ئەمەریكی ئاماژە دەكات، زیادكردنی بڕێكی كەمی بیبەری تون بۆ ژەمەكانی خواردنی ژنی دووگیان، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستیی دایك و كۆرپەلەكە هەیە، مەترسیی تووشبوون بە شەكرەی دووگیانی كەم دەكاتەوە.

شەكرەی دووگیانی حاڵەتێكە كار لە توانای لەش لە چارەسەركردنی شەكر لە كاتی دووگیانیدا دەكات، ئەگەرچی ئەو جۆرە شەكرە كاتییە، بەڵام رەنگە هەندێك كێشە دروست بكات، وەك زیادبوونی كێشی كۆرپەلە یان زوولەدایكبوونی، جیا لەوە ئەگەری تووشبوونی دایك بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە لە داهاتوو دروست دەكات. 

زانكۆی بۆفالۆ توێژینەوەیەكی لەسەر 1397 ژنی دووگیان لە ئەمەریكا كرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی پێوەندی لە نێوان جۆرەكانی خواردن، لەوانە فاسۆلیا و بیبەری تون و مەترسیی تووشبوونی ژنی دووگیان بە شەكرە، دەركەوت ئەو ژنانەی لە ماوەی مانگێكدا جارێك بیبەری تونیان خواردووە، مەترسی تووشبوونیان بە شەكرەی دووگیانی بە رێژەی 3.5% كەمتر بووە، بە بەراورد بەوانەی نەیانخواردووە كە 7.4%یە.  

توێژینەوەكە باسی ئەو مادەی نەكردووە لەناو بیبەری توند هەیە و بەرپرسە لەو سوودە، بەڵام پێشبینی دەكرێت مادەی كابسیسین بێت، كە چێژی تون بە بیبەر دەدات، یارمەتی لەش دەدات و توانای لە چارەسەركردنی شەكری خوێن باشتر دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل