هیمۆگڵۆبین بۆ ئۆكسجین لە خوێندا زۆر پێویستە، ئەگەر ئەو مادەیە لە خوێندا ئاستی داببەزێت، ئەوكات كەسەكە تووشی كەمخوێنی دەبێت و بۆ ئەوەیش هەست بە ماندوویی لاوازیی جەستە دەكات، بۆ ئەوەی تووشی كەمخوێنی نەبن، پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاری دەكەن كە چەندان میوە هەن بۆ كەمخوێنی چارەسەرن.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە تۆڕی CNBCی ئەمەریكی وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە دەدەن كە بۆ چارەسەری كەمخوێنی، زۆر پێویستە سیستمێكی خۆراكی ئەنجام بدەن كە سیستمەكە دەوڵەمەند بێت بە ئاسن و ڤیتامین "سی" و ترشەڵۆكی فۆلیك، ئەوەیش لە زۆر لە میوەكاندا هەیە و لە بنەڕەتەوە چارەسەری كەمخوێنی دەكات.
لەبارەی ئەو میوانانەی بۆ كەمخوێنی چارەسەرن، ئاماژە بە هەنار كراوە كە دەوڵەمەندە بە ئاسن و ڤیتامین "سی" و دژە ئۆكسید، ئەوەیش سوودی بۆ خوێن هەیە. هەروەها سێو رێژەیەكی ئاسنی تێدایە و مادەی هیمۆگڵۆبین بەرهەم دێنێت، جیالەوەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "سی".
هاوكات باس لە مۆز دەكەن كە دەوڵەمەندە بە ئاسن و ڤیتامین "سی"، بۆ ئەوەیش هاوكار دەبێت لە بەرهەمهێنانی هیمۆگڵۆبین. خورمایش میوەیەكی ترە كە سەرچاوەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن و ترشەڵۆكی فۆلیك، جیالەوەی وزەیەكی زۆر بە جەستە دەبەخشێت و ئاستی خوێن لە جەستەدا رێكدەخات. هەروەها كاڵەك كە ئاو لە جەستەدا زیاد دەكات، جیالەوەی دەوڵەمەندە بە ئاسن و ڤیتامین "سی".
هەروەها پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بە میوەی توو دەدەن كە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین "سی" و ترشەڵۆكی فۆلیك. لەگەڵیدا باس لە پرتەقاڵ دەكەن كە بە ڤیتامین "سی" دەوڵەمەندە. دوای ئەوانەیش ئاماژە بە هەنجیر دەكرێ كە دەوڵەمەندە بە ئاسن. بۆیە ئەو میوانانە چارەسەری رژدن بۆ كەمخوێنی و چارەسەرەكەیش سروشتییە.