"تووی رەش" زۆرترین سوودی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە

:: AM:09:15:07/04/2025 ‌
پسپۆرانی بواری خۆراك باس لەوە دەكەن كە تووی رەش لە زۆربەی میوەكانی تر، سوودی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی دەوڵەمەندە بە دژەئۆكسید و ڤیتامین و ریشاڵەكان، بۆیە گرنگە بایەخ بە خواردنی ئەو میوەیە بدرێت.

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە پێگەی ئەلیكترۆنیی "TATA 1mg" كە تایبەتە بە چاودێریی تەندروستی وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە دەدەن كە تووی رەش لەو جۆرە میوانەیە سوودی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، هۆكارەكانیش زۆرن وەك دژەئۆكسید و ڤیتامین و ریشاڵەكان كە ئەوانە لە تووی رەشدا دەست دەكەون.

تووی رەش دەوڵەمەندە بە دژەئۆكسیدی بەهێز وەك ئەنسۆسیانین، ئەوەیش هاوكارە بۆ نەهێشتنی هەوكردن، هاوكات مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە مرۆڤ كەمتر دەكاتەوە. هەروەها بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە كراون، تووی رەش پاڵەپەستۆی خوێن كەمتر دەكاتەوە و ئاستی كۆلیسترۆڵ رادەگرێت و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەمتر دەكاتەوە، وا دەكات خوێن بە ئاسان لە دەمارەكاندا هاتوچۆ بكات.

هەروەها تووی رەش هۆكارە بۆ پارێزگاری لە ئەركی مێشك و سەرنجی مرۆڤ و یادەوەرییەكانی باشتر دەكات، بۆ ئەوەیش هۆكارە بۆ دواخستنی لەبیرچوونەوە "زەهایمەر". هەروەها ئەو میوەیە یارمەتیدەرە بۆ هەرس و پارێزگاری لە تەندروستیی ریخۆڵەكان دەكات، چونكە دەوڵەمەندە بە ریشاڵەكان، وا دەكات ئەركی هەرس باشتر بكات و مرۆڤ لە قەبزی دوور دەخاتەوە.

هاوكات تووی رەش جلایسیمی كەمتری تێدایە و هاوكارە بۆ هەستەوەریی ئەنسۆلین، بۆ ئەوەیش وا دەكات ئاستی شەكر لە خوێندا هاوسەنگ بكات، بەتایبەتی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی شەكرە بوون. هەروەها ڤیتامینی "سی" لە تووی رەشدا زۆرە و یارمەتیدەرە بۆ بەرگریی جەستە و بەهێزی دەكات، دواتریش مرۆڤ لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەپارێزێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د