بۆ ئەوەی تەندروستیتان زۆرباش بێ و جوانتر دەربكەون ئاوی زەنجەبیل بخۆنەوە

:: AM:11:42:08/04/2025 ‌
پسپۆرانی تەندروستی و بەتایبەتی بواری خۆراك ئاماژە دەدەن كە خواردنەوەی ئاوی زەنجەبیل بۆ ماوەی یەك هەفتە، وا دەكات تەندروستییەكی زۆرباشتان هەبێت. سوودەكانی بۆ مرۆڤ زۆرن و لەناویاندا ئەركی هەرس باشتر دەكات و مادە ژەهراوییەكان لە جەستە دەردەكات، هەروەها نەهێشتنی هەوكردن و جوانكردنی پێستی رووخسار و زۆری تریش.

پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە، پسپۆرانی تەندروستی قسەیان بۆ ئەو پێگەیە كردووە و پێیان وایە ئاوی زەنجەبیل، سوودەكانی زۆرن و ئەگەر مرۆڤ لە ماوەی یەك هەفتەدا ئەو ئاوە بخواتەوە، تەندروستییەكی زۆرباشی دەبێت و لە چەندان نەخۆشی دوور دەكەوێتەوە، نموونەیان ئەركی هەرس باشتر دەكات و مادە ژەهراوییەكان لە جەستە دەردەكات، هەروەها نەهێشتنی هەوكردن و جوانكردنی پێستی رووخسار و زۆری تریش.

ئاماژە دراوە كە خواردنەوەی ئاوی زەنجەبیل، ئەركی هەرس باشتر دەكات و گەدە لە نەخۆشی دەپارێزێت، هەروەها غازات لە سكدا ناهێڵێت. هاوكات ئاوی زەنجەبیل هۆكارە بۆ نەهێشتنی سەرسوڕخواردن، بەتایبەتی بۆ ئەو ئافرەتانەی دووگیانن، یان ئەوانەی بەتایبەتی بەیانیان یاخۆ لە كاتی گەشتكردندا هەست بەو حاڵەتەكە دەكەن.

پسپۆران دەڵێن ئاوی زەنجەبیل دژەئۆكسیدی بەهێزی تێدایە و هۆكارە بۆ دەركردنی مادە ژەهراوییەكان لە جەستەدا، جیالەوەی سوودی بۆ سووتاندنی چەوریی زیانبەخش لە جەستەدا هەیە، هەروەها بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات و هۆكارە بۆ نەهێشتنی هەوكردن، دوای ئەوانیش سوودی بۆ سەرما و ئەنفلەوەنزا هەیە بەتایبەتی لەو مانگانەی كەشوهەوا سارد دەبێت.

هاوكات بەپێی گوتەی پسپۆران، سوودێكی تری ئاوی زەنجەبیل، دابەزاندنی كێشە كە خواردنەوەی هۆكارە بۆ هەستی تێربوون. هەروەها ئەو ئاوە هۆكارە بۆ نەهێشتنی هەوكردن لە جەستە بەهەموو جۆرەكانی. بەتایبەتی هەوكردن بۆ حاڵەتی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، لەناویاندا هەوكردنی ماسولكە و باشتربوونی هاتوچۆی خوێن بە دەمارەكاندا. لەگەڵ ئەوانەیشدا خواردنەوەی ئاوی زەنجەبیل، سوودی بۆ پێستی رووخسار هەیە و لە پیربوون دوورتان دەخاتەوە.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك دەڵێن، ئاوی زەنجەبیل بۆ نەهێشتنی ئازار زۆر بەسوودە، واتە ئازارشكێنیشە، بەتایبەتی بۆ ئازاری ماسولكە و جومگەكان. هەروەها ئەو ئاوە پارێزگاری لە ئاستی شەكر لە خوێندا دەكات، بۆیە ئەوانەی تووشی نەخۆشیی شەكرە دەبن، سوودی زۆر لە خواردنەوەی ئاوی زەنجەبیل وەردەگرن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د