سەرۆك بارزانی 17مین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێبی لە هەولێر كردەوە، ئەو پێشانگەیە كە لەلایەن دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ڕێكخراوە.
ناونیشانی پێشانگەی كتێبی ئەمساڵ بریتییە لە "جیهان بە كوردی دەدوێت" دەستی بە كارەكانی كرد و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع و پێشمەرگەی كوردستان" دوای كردنەوەی پێشانگەكە وتارێكی پێشكەش كرد. وتارێك پڕ لە هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی بۆ وانە وەرگرتن لەلایەن هەمووانەوە.
سەرۆك بە پەرۆشییەوە باسی یەكگرتنی كوردستانی كرد و گوتی، تەنیا مەرجی سەركەوتنی كورد، یەكگرتنی كورد و كوردستانیانە.
ئەوە دەقی وتارەكەی سەرۆكە..
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
میوانە بەڕێزەكان، ئامادەبوانی بەڕێز
هەمووتان بەخێر بێن، زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان و ئومێدەوارم وەختێكی خۆش بەرنە سەر لە هەولێر. زۆر سوپاستان دەكەین بۆ هاتنتان.
ئەمڕۆ جارێكی تر دەبینین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، حەڤدەمین پێشانگەی كتێب دەكرێتەوە و ئەمە بووە بە نەریتێك كە جێگەی خۆشحاڵیمانە، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە كاك فەخری كەریم دەكەم، هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای (ئەلمەدا) و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ئەركیان كێشا و ماندوو بوون لە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامە ڕێكوپێكە. ساڵ بە ساڵ دەبینین كە پێشانگەی كتێب بەرەوپێشچوونێكی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت و هەر ساڵێك باشترە لە ساڵی پێشتر، ئینشائەڵا ئەم كارە بەردەوام بێت و هەر لە خۆشیدا بتانبینین.
هەرچەندە دنیا بەرەوپێش بچێت، تەكنەلۆجیا بەرەوپێش بچێت، ئەو فەرموودەیەی شاعیری گەورەی عەرەب (موتەنەبی) ئەو حەقیقەتە بە زیندوویی دەمێنێتەوە كە دەڵێت "وخیر جلیس فی الزمان كتاب"" قیمەتی كتێب و ئەهمیەتی كتێب بە هیچ شتێك لاناچێ، بەردەوام دەبێت و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بە دەرفەتی دەزانم ئەمڕۆ ئاماژە بە چەند بابەتێك بكەم، یەكەم: داكۆكی دەكەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی كە شانازی پێوە دەكەین، فەرهەنگی پێكەوەژیان، یەكتری قبووڵكردن، ئازادیی بیروڕا، ئازادیی ئاین، ئازادیی مەزهەب. ئەمانە بنەمایەكن كە بە هیچ شێوەیەك موساوەمەی لەسەر ناكرێت، با هەموو كەس ئەمە باش بزانێت.
هەروەها دێمە سەر دۆخی ناوخۆی هەرێم، بێگومان دۆخی هەرێم بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەكە بە گشتی، بەڵام لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی كوردستان كە زۆر لایەن و زۆر كەس وایاندەزانی هەڵبژاردن ناكرێ، یان ئەگەر هەڵبژاردن كرا، گرفتی گەورە ڕوو دەدات و كێشەی گەورە ڕوو دەدات، هەڵبژاردن كرا و بە شاهێدیی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو ئەو ڕێكخراوانەی هاتبوون، هەڵبژاردنێكی بێگەرد بوو، هیچ هەڵبژاردنێك رەنگە نەبێت لە دنیادا بێ كەموكوڕی، بەڵام بە موقایەسە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشوو، هەڵبژاردنێكی زۆرباش بوو و ئەنجامەكانیشی دەركەوت.
تەبعەن ئێمە ئێستەش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی كە كورسییان بەدەست هێناوە، هەركەسە و بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێكەوە حكوومەتێك، كابینەیەك دروست بكەین، كوردستان موڵكی هەموومانە و هەمووشمان برای یەكترین، هەموومان كەسی یەكترین، جوان نییە یەكتر بشكێنین. با ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوە بێت كە ڕێگەی باشتر پێشانی كابینە بدات، پێشانی حكوومەت بدات، پێشانی پەرلەمان بدات، با لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە، لێرەدا جارێكی تر داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم بەشدار بن، بەڵام مەسئولییەتی هەرە گەورە دەكەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی، تا ئێستە هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. دەبێ بە هەرچی زووتر، ئیشەكان تەواو بكەن و كابینەكە دروست بكرێت، چونكە وەك دەبینین دەوروبەری ئێمە و لە دنیا هەمووی قەیرانی گەورە ڕوویان داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوە بێت، بۆیە تەنیا مەرجی سەركەوتنی كورد، یەكگرتنی كورد و كوردستانیانە. بۆ ئەم مەبەستە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەین، راسپاردەی منیش بۆ هەموو لایەنەكان، بە تایبەتی بۆ پارتی و یەكێتی، پەلە بكەن لە دروستكردنی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بە نسبەت هەرێم و بەغدا یان دۆخی عێراق بە گشتی، تا ئاستێكی باش هەندێك گرفت چارەسەر كراون لە نێوان بەغدا و هەرێم، بەڵام هێشتا زۆری ماوە. هەر دۆخی عێراق بە گشتی لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٣، عێراقی تازە لەسەر سێ بنەمای سەرەكی دامەزرا، (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، بەداخەوە ئیلتیزامی پێوە نەكرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستوورێك نووسرایەوە بۆ عێراق كە كورد رۆڵێكی سەرەكیی بینی لەوەدا و ٨٥٪ی خەڵكی عێراق دەنگیان پێی دا، ئەگەر ئیلتیزام بەو دەستوورە بكرایە، زۆر لەو گرفتانەی كە خەڵكی عێراق بە گشتی و پێوەندیی هەرێم و بەغدایە، ڕەنگە ئەو گرفتانە ڕوویان نەدەدا. ئێستەش چارەسەری بنەڕەتیی گەڕانەوەیە بۆ ئەو سێ بنەمایە و پابەندبوون بە دەستوور، بۆ ئەم مەبەستە هەرچی بە ئێمە بكرێت، ئێمە ئامادەین. دەبێ ئەو هێزانە چ لە هەرێم و چ لە بەغدا، جورئەتی ئەوەیان هەبێت، ددان بە هەڵەكاندا بنێن و دیسان لاپەڕەیەكی تازە بكەنەوە بۆ ئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت، وەك دەبینین لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەیە، شەڕی گەورە بەڕێوەیە، شەڕی گەورە ڕووی داوە. ئێمە ئومێدەوارین هەرچی زووتر ئەو شەڕانە كۆتاییان پێ بێ و ئێش و ئازاری ئەو خەڵكە تەواو ببێ، چ لە فەلەستین، چ لە لبنان، چ لە هەر ناوچەیەكی تر. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە دەبێ ئەوانەی كە ئێستە كاربەدەستن لە بەغدا، بە هەموو توانایەك هەوڵ بدەن عێراق تێكەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت.
لە كۆتاییدا داوای سەركەوتن هەم بۆ خەڵكی كوردستان، هەم بۆ خەڵكی عێراق و هەموو گەلانی ناوچەكە دەكەم، تەمەننای بەختەوەرییان بۆ دەكەم، تەمەننای ئاشتی و سەلامەتییان بۆ دەكەم و ئێوەش جارێكی تر بەخێر بێن سەرچاوان، زۆر زۆر سوپاستان دەكەین بۆ هاتنتان و هەر لە خۆشیدا بن.
زۆر سوپاس