شێوازی یاریكردنی مەسروور بارزانی پێمان دەڵێ: خۆڕاگرە..خاوەن عەقلێكی ستراتیجییە..متمانە بەخۆیە

:: PM:03:31:11/04/2025 ‌
ياریی شەترەنج یارییەكی هزریی ستراتیجییە و لە نێوان دوو یاریزاندا ئەنجام دەدرێت، گرەوی یارییەكە لەسەر كۆتایی هێنانە بە گرتن و "مات"كردنی پاشای بەرانبەر، ئەمیشیان لە رێگەی پلان و هونەری تایبەت بە یارییەكە لەسەر بۆردێكی 64 خانەیی، هەر یاریزانێك 16 پارچەی جۆراوجۆری لە بەردەستە و بە چەندان شێواز یاریی پێ دەكات، یاریزانانی شەترەنج خاوەنی زیرەكییەكی تایبەت و عەقلێكی بەپلانن، هاوكات كەسایەتییان لە رێگەی شێوازی یارییەكانیانەوە دیاری دەكرێت "خۆڕاگرن یان پێچەوانەكەی" و بە كۆنترین و بەناوبانگترین یاریی جیهانی دادەنرێت. 

بەهۆی ئەوەی یارییەكە چەندان شێوازی زانستی لەخۆی دەگرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی بۆردە 64 خانەییەكە و كۆنترۆڵكردنی پارچە بەردەستەكانی یاریزانی بەرانبەر، شارەزایانی بوارەكە لە رێگەی شێوازی یارییەوە خوێندنەوەیان بۆ كەسایەتیی یاریزانەكان كردووە لە رێگەی شێواز و كردنەوەی یارییەكە. 

رۆژی 10ی نیسان، "وشە" دڵزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەترەنجی خانزادی دواند، كە پێشووتر ئەزموونی یاریكردنی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە، "وشە" زانیاریی ئەوەی دەستكەوت کە شێوازی یاریكردنی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان "بەرگریی هیندییە "دیفاع هیندی". 

شێوازی یاریكردنیی "بەرگریی هیندی - دیفاع هیندی" چەندان شێوازی هەیە كە یاریزانانی شەترەنج پێی دەزانن، گرنگترینیان بریتییە لە پلاندان بە جۆرێك "رەش رێگە بە سپی دەدات خۆی بەهێز بكات، بەڵام خۆی پلان دادەنێت دواتر هێرشێكی بەهێز دەست پێ بكات"، یان یاریزانەكە هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر ناوەندی بۆرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی گۆڕەپانی یارییەكە، ئەمیش لە رێگەی یاری پێ كردنی پارچەی فیل بۆ خانەی "بی فۆڕ". 

"وشە" بە پشتبەستن بە لێدوانی یاریزانە بەناوبانگە جیهانییەكانی وەك، گاری كاسبارۆڤی رووسی، بۆبی فیشەر و هیكار ناكۆمۆرا بەدواداچوونی بۆ كەسایەتیی ئەو یاریزانانە كردووە كە شێوازی یاری كردنەكەیان بریتییە لە بەرگریی هیندی و لە لێدوان و چاوپێكەوتن و كتێبەكانییانەوە لەبارەی شەترەنج دەردەكەوێ، ئەوانەی وەك مەسروور بارزانی بەم شێوازە یاری دەكەن كەسایەتییان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: 

یەكەم: 
خاوەن پشییەكی فراوانن، خۆڕاگر و ستراتیجین: ئەمەیش بەهۆی ئەوەی شێوازی بەرگریی هیندی بە تایبەت لە رێگەی "بەرگریی هیندیی پاشاییەوە" كۆنترۆڵكردنی یارییەكە ئاسان نییە، پێویستی بە ددانبەخۆداگرتنێكی زۆر و پلاندانانێكی ستراتیجی هەیە، یاریزانان گرنگی بە بردنەوەی خێرا نادەن، بەڵكو گرنگی بە بنیاتنانێكی بەهێز دەدەن تا لە كۆتاییدا براوە بن، بەجۆرێك پەیڕەوكارانی ئەم جۆرە یارییە دەڵێن: لێگەڕێ با بەرانبەرەكە هێرش بكات و سەربكەوێت لە سەرەتادا، ئێمە لەناكاو هێرش دەكەینەوە سەری. 

دووەم: 
شیكارییان بەهێزە و متمانەیان بەخۆیان زۆرە: ئەمەیش بەهۆی ئەوەی زۆربەی جار شێوازی بەرگریی هیندی یاریزان دەخاتە دۆخێكی دژوار و ناهەموارەوە "چونكە ئەوان گرنگی بە هێرشی بەرانبەر نادەن"، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاریزانەكە باوەڕی پتەوی بە خۆی هەیە و خوێندنەوەی قووڵی بۆ یارییەكە هەیە، دواجار پلانە ستراتیجییەكانی سەردەكەون و مەلیكی بەرانبەر "مات" دەكات. 

سێیەم: 
شەڕە هزرییەکان بە باشتر دەزانێت لە بەكارهێنانی هێزی راستەوخۆ: چونكە ئەم یاریزانانە زیاتر پشت بە ئاڵنگارییە هزرییەکان دەبەستن و ململانێی فکریی پێ باشترە لە هەیمەنەی خێرا و دەستبەسەرداگرتن. 

چوارەم: 
ئارەزووی داهێنان و نوێگەری: شێوازی یاریی بەرگریی هیندی بەشێوەیەكی گشتی یاریزان دەباتە دەرەوەی چوارچێوەی تیۆرە كۆنەكان بە تایبەت بەرانبەر ئەو یاریزانانەی كە پشت بە تیۆرە كۆنەكان دەبەستن لە یاری كردندا، ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە هەر كەسێك بەم شێوە یاری بكات ئارەزووی لە داهێنانە و بەدوای شتی دووبارە و كلاسیكەوە نییە و باوەڕی بەو بنیاتنانەیە كە خۆی باوەڕی پێی هەیە و دروستیان دەكات.

تێگەیشتنی ئەم شیكردنەوانە بۆ كەسێك كە شەترەنج نەزانێت تۆزێك قوڕسە، بەڵام ئەوانەی یاریزانی شەترەنجن دەزانن كە ئەگەر شیكردنەوە بۆ كەسایەتیی مەسروور بارزانی بكەیت لە رێگەی شێوازی یاریكردنییەوە، ئەوا بۆت دەردەكەوێ كە خۆڕاگری، ستراتیجییەت و خۆشەویستی بۆ ئاڵنگارییە هزرییەکان لە كەسایەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەرجەستە دەبێت.




وشە - پۆڵا مەحموود