نووسەر و وەرگێڕ و شاعیر عەزیز نیعمەتی كۆچی دوایی كرد

:: AM:09:49:12/04/2025 ‌
عەزیز نیعمەتی نووسەر و وەرگێڕ و شاعیری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لە تەمەنی 66 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. نیعمەتی لە ماوەی ژیانی نووسینیدا، چەندان گوتار و بەرهەمی وەرگێڕدراوی بڵاو كردووەتەوە و بەشێك لە دەستنووسەكانی هێشتا رووناكیی چاپیان نەبینیوە.

عەزیز نیعمەتی لە ساڵی 1959 لە گوندی كانی سپیی سەربە شاری شنۆ لە دایك بووە، پێش ئەوەی بچێتە بەر خوێندن، لای مامۆستای ئاینیی گوندەكەیان، ماوەی دوو ساڵ قورئانی خوێندووە، دواتر چووەتەبەر خوێندن و پۆلەكانی سەرەتایی لە گوندەكەی تەواو كردووە.

خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە شنۆدا تەواو كردووە، بڕوانامەی دیپلۆمی لە شنۆ وەرگرتووە، لە 1977 لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی مامۆستایان (دانشسەرای ئەوكات) وەرگیراوە و دواتر وەك مامۆستا لە شاری شنۆ دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی گوتووەتەوە.

لە دەستپێكی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و لە ساڵی 1979 بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ، چووەتە ماكۆ و لەوێش وەك مامۆستا وانەی گوتووەتەوە، ساڵێكیش لە تاران و سێ ساڵیش لە تەورێز وەك مامۆستا خزمەتی كردووە.

لە شنۆ و گوندەكانی دەوروبەری شنۆ، بۆ ماوەی پێنج ساڵ خزمەتی كردووە، دواتر لە زانكۆی تەورێز بەشی ئینگلیزی خوێندووە و لە ساڵی 1989 بەكالۆریۆسی لە ئەدەبی ئینگلیزی بەدەست هێناوە، پاشان دووبارە گەڕاوەتەوە شنۆ و بۆ ماوەی 15 ساڵ زمانی ئینگلیزی گوتووەتەوە، لە پۆلی سێ و چواری سەرەتاییەوە خولیای نووسین و خوێندنەوەی ئەدەبی و هونەری هەبووە و بەشداریی لە چالاكییەكاندا كردووە.

وەك خۆی لە دیدارێكدا باسی كردووە، عەزیز نیعمەتی دوای مەولوودنامەی مەلای باتەیی، هەڵبەستێكی مەلای جزیریی لەبەر كردووە و لەوێوە خولیای ئەدەبیی بۆ دروست بووە، دواتر دەستی كردووە بە خوێندنی هەڵبەستی هاوچەرخی كوردی و فارسی.

نیعمەتی لە ساڵانی 1979 تا 1980 وەك خوێنەرێك شەیدای خوێندنەوەی ئەدەبیاتی كوردی دەبێت، شیعرەكانی قانع، هێمن، هەژار و مەلا ئاوارە دەخوێنێتەوە، هەر لەو سەروبەندەدا چەند هەڵبەستێكی هێمن دەكاتە فارسی، دواتر دەست بە نووسین دەكات، بەتایبەت لە سەردەمی خزمەتی مامۆستایی لە شاری شنۆ، پێوەندی لەگەڵ گۆڤاری سروە دروست دەكات و دەبێتە هاوكاری بەشی كرمانجیی گۆڤارەكە، هەندێك چیرۆك و بابەتیش بۆ بەشی سۆرانیی گۆڤارەكە وەردەگێڕێت، ئەوە دەبێتە یەكەم وێستگەی نووسین و بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی.

 



وشە - سۆران عەزیز