چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ سوودانی زۆر لەو كێشانەی نێوانی هەولێر بەغدا كە تا ئێستە چارەسەر نەكراون، چارەسەر بكات، لەوانە كێشەی نەوتی كوردستان.
ئەمەریكا فشارێكی زۆری لە عێراق كردووە تا كێشەی نەوتی كوردستان چارەسەر بكات، دوێنێ لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی كوردستان، باسی ئەو بابەتە كرا و ئەمەریكا پشتیوانیی بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی نەوتی كوردستان دووپات كردەوە.
بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیر كرا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و لە 17 ی شوبات چووە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان لە ماوەی 60 رۆژدا، لایەنێكی نێودەوڵەتی دەستنیشان بكەن بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی نەوتی هەرێم بەپێی كێڵگەكان، ئەگەریش لەو ماوەیەدا رێكنەكەون، پرسەكە دەدرێتە دەست محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران بۆ یەكلاكردنەوەی.
لە هەمواری بودجەدا 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم دیاری كراوە، تا ئەو كاتەی لایەنێكی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ تێچووی راستەقینە دیاری دەكات.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، "سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەولێر، بۆ تاوتوێكردن و چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا گرنگە. كۆبوونەوەكانی ڕابردووش ئەنجامی باشیان هەبووە. دووپات دەكەینەوە دانیشتن و گفتوگۆ، تاكە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێكەوە كێشەكان چارە بكەین."
گوتەبێژی حكـوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، "خواستی ئێمەیە لە گۆڕانكاریی تەناهی، سیاسی و ئابوورییەكانی ناوچەكەدا، ئێمەش ڕۆڵمان لە سەقامگیریی عێراق هەبێت، لە پاڵ ئەمەشدا حكوومەتی فیدراڵ، مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بدات و دەستوور بكاتە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان".
سەرەڕای هەوڵە ناوخۆییەكان، فشارەكانی ئەمەریكاش بەردەوامە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە كە هێشتا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
پێشتر تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، داوای لە حكوومەتی عێراق كردبوو لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت بگاتە ڕێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، رێز لە گرێبەستە نەوتییەكان بگرێت كە بە بەشێك لە كێشەكە ناوی برد.
هەریم لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتدا، داوای بودجەی خۆی لە بەغدا دەكات كە چەندان ساڵە رایگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی سستبوونی پرۆسەی گەشەی ئابووری لە كوردستاندا.
هەرێمی كوردستان بەنیازە كێشەی مووچە بەتەواوی چارەسەر بكرێت و چیتر مووچەخۆرانی كوردستان لە دڵەڕاوكێدا نەژین، بەپێی زانیارییەكان، قۆناغی چارەسەری مووچە كۆتایی هاتووە و هیچ كێشەیەك نەماوە، شارەزایانیش پێیان وایە ئێستە بەغدا لە پێگەیەكی وادا نییە بتوانێت لەمپەرەكانی بەردەم مووچە درێژ بكاتەوە، بۆیە ئەو بابەتە بەتەواوی چارەسەر كراوە.