ماوەی سێ ڕۆژە فێستیڤاڵی كتێب لە پاریس بەڕێوە دەچێت و نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەچەندان كتێبی وەرگێڕدراو بۆ زمانی فڕەنسی بەشدارە، لەو فێستیڤاڵەدا كتێبی "بۆ مێژوو"ی سەرۆك بارزانی بە زمانی فڕەنسی نمایش كراوە.
رۆژی 22ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاریس، بانگەوازێكی بۆ نووسەرانی كورد بڵاو كردەوە و داوای كرد، هەر نووسەرێك كتێبی لەسەر كورد نووسیوە، لەو فێستیڤاڵەدا بەشداریی بكات.
ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، مەبەست لە بەشداریكردن لەو فێستیڤاڵە بۆ ئەوەیە، لە ڕێگەی ئەدەبەوە نوێنەرایەتیی دەوڵەمەندی و فرەچەشنی كولتووری كوردستان بكەین.
كتێبەكانی سەرۆك بارزانی كە لە كوردستان چەندان چاپ كراونەتەوە، خوێنەران بەردەوام وەك سەرچاوەیەكی گرنگی مێژووی نوێی كورد تەماشای دەكەن و لە ئاستی دنیاشدا بۆ چەندان زمان وەرگێڕاون.
كتێبی "بۆ مێژوو"ی سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشێوەی دیجیتاڵیش بە پێنج زمان بڵاو كراوەتەوە، كتێبەكە بە زمانی كوردی بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی و لاتینی و هەروەها بە زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی، توركی بۆ خوێنەران بەردەستە.
چەند مامۆستایەكی زمانی فڕەنسی لە زانكۆی سەڵاحەدین، كتێبی "بۆ مێژوو"ی سەرۆك بارزانییان بۆ سەر زمانی فڕەنسی وەرگێڕا و دوو هەزار دانەی لێ چاپ و بڵاو كرایەوە، چاپكردنی ئەو كتێبە بە زمانی فڕەنسی بۆ ئەوەیە وەك سەرچاوە و بەڵگەیەكی گرنگ بخەنە بەردەست ئەو نووسەر و لێكۆڵەرە فڕەنسییانەی دەیانەوێ لەسەر كورد بنووسن.