لە عێراق باجێكی زۆر دەخرێتە سەر جگەرە و گران دەبێت

:: AM:09:06:15/04/2025 ‌
پەرلەمانی عێراق بەنیازە لە رێگەی یاسایەك، رێگریی لە جگەرە و نێرگەلە بكات و ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانیش دەڵێت: "سزای كێشانی جگەرە و نێرگەلە لە دامەزراوەی حكوومی 50 هەزار دینارە."

ماجید شنگالی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند: "یاسای تووتن كە لە بەردەم لیژنەكەماندایە، كێشانی نێرگەلە بۆ خوار تەمەن 18 ساڵی قەدەغە دەكات، هەروەها لە شوێنە داخراوەكانیش قەدەغە دەكرێت، پیاوان یان ئافرەتان نابێت لە نزیكی منداڵان بیكێشن."

ئاماژەی بەوەش دا: "یاساكە كێشانی جگەرە یان نێرگەلە و جگەری ئەلیكترۆنی، لە ناو دامەزراوە حكوومییەكان قەدەغە دەكات، هەر كەس ئەوە بكات سزای دارایی خێرا دەدرێت كە بڕەكەی 50 هەزار دینارە."

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمان دووپات دەكاتەوە: "باج دەخرێتە سەر هەموو بەرهەمەكانی جگەرە و تووتنی هاوردەكراو."

دەشڵێت: "یاساكە بەكارهێنانی تووتن و سەپاندنی باج ڕێكدەخات، هەروەها میكانیزمی هاوردەكردن و بەكاربردنی تووتن لە عێراق، لەگەڵ وەرگرتنی باجی جگەرەی هاوردەكراو دەخاتە ڕوو كە ئێستە باج لەسەر جگەرەی هاوردەكراو یەكسانە بە سفر."



وشە - سۆران عەزیز