وەزارەتی دارایی حكوومەت هەرێم رای گەیاند، ئەمڕۆ سێشەم تەواوی فەرمانگەكان لیستی مووچەی مانگی چواریان بە سیستمی پایرۆڵ رەوانەی گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی كردووە بە مەبەستی پەسندكردن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا ئامادەكردنی لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانگەكان بە سیستمی پایرۆڵ تەواو دەكرێت و هەر لەم هەفتەیەدا لیستی مووچە رەوانەی بەغدا دەكرێت.
بەقسەی سەرچاوەكەی دارایی، لەم هەفتەیەدا لیستەكە رادەستی وەزارەتی دارایی بەغدا دەكرێـت و چاوەڕێن لە كۆتایی هەفتەی داهاتوو، بڕی 950 ملیار دینار وەك مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان رەوانە بكرێت.
ڕۆژی 27ی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم، دەستی بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران كرد، دوای ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم كرا.
ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی چوار تەواو بوو، سەرجەم وەزارەت و دەستەكان بە سیستمی پایرۆڵ بۆ وەزارەتی داراییان ناردووە، لە وەزارەتی دارایی وردبینی بۆ دەكرێت و بەتەواوی ڕێكدەخرێت.
بەگوتەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، هەفتەی داهاتوو شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی كوردستان دەچێتە بەغدا، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و تێبینییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، هەر هەفتەی داهاتوو دەست بە وردبینیكردن لە لیستی مووچە و ڕێككارەكانی خەرجكردنی پارە دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی میدیا عێَراقییەكان، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی چواری وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتی عێراق دەكات.