دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی نیسان، دوای كۆبوونەوەی هەردوو حزب، لە راگەیەنراوی هاوبەشی پارتی و یەكێتیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەم 15-4-2025 لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە لە كەشێكی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرا، هەنگاوی ئەرێنی و بەرەوپێشچوونی باش هەبوو. لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.
لە ماوەی رابردوودا پارتی و یەكێتی لە ڕێگەی لیژنەكانیانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەت، رەشنووسێكیان ئامادە كردووە و بڕیارە لە داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت بدرێت.