دیاریكردنی 11/11/2025 بۆ هەڵبژاردن وایكردووە، حزب و لایەنەكان دەست بكەن بە ئامادەكاری بۆ ئەو هەڵبژاردنە، تۆڕی رێكخراوەكانیش دەڵێت سیستمی كامێرای چاودێریی هەڵبژاردنی رابردوو، باشترین سەركەوتنی تۆمار كرد، بۆیە دووبارە بنكەكان و سندووقەكان چاودێری دەكرێن.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی نیسان، هەڵگورد كەركووكی لە تۆڕی رێكخراوەكان بۆ چاودێریی هەڵبژاردن، بە "وشە"ـی راگەیاند، كامێراكانی چاودێری لەسەر سندووقی دەنگدان و بنكەی دەنگدان لە رابردوودا، باشترین ئەنجامی هەبوو و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كۆمسیۆن بڕیاری داوە پشتی پێ ببەستێت.
زیاتر گوتی، وەك رێكخراوەكان بڕیارمان داوە لەگەڵ كۆمسیۆن هاوئاهەنگیمان هەبێت، بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاش باشترین زەوینە دروست دەكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت.
باسی لەوەش كرد، كۆمسیۆن بڕیاری داوە سەرجەم بنكەكان و سندووقەكان لە ژێر چاودێریی كامێرا بێت، هەر لایەنێكیش تێبینیی هەبێت، دەتوانرێت كامێرای بۆ لێ بدرێتەوە، ئەوەش هاوشێوەی سیستمی VARـی یاریی تۆپی پێیە.
هاوكات ئەمڕۆ جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كردووە، دەستیان بە تۆماركردنی حزبەكان كردووە، ئەم پرۆسەیەش تا چواری مانگی ئایار بەردەوام دەبێت". گوتەبێژی كۆمسیۆن باس لەوە دەكات، 66 هاوپەیمانی سیاسی لە عێراقدا هەن و دوو لەو هاوپەیمانییانە لە هەرێمی كوردستانن.
لەبارەی حزبەكانیش دەڵێ، "326 حزب مۆڵەتیان پێ دراوە، 310 بەردەوامن و 16 حزبیش هەڵوەشاونەتەوە یانیش چالاكییان وەستاندووە".
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری كرد. كۆمسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە.