ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی و سوودانی و چەندان كەسایەتیی تر دەچنە سلێمانی

:: AM:08:45:16/04/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی، بە بەشداریی چەندان كەسایەتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، نۆیەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی بەڕێوە بچێت، بەپێی زانیارییەكان، هەریەك لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداریی دەكەن، تێیدا نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی گوتاریان دەبێت.

رۆژانی 16 و 17ی نیسان نۆیەمین "دیداری سلێمانی" لە زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، تێیدا گرنگترین ئاڵنگارییەكانی عێراق و ناوچەكە و دنیا تاوتوێ دەكرێن و بابەتی سەرەكیی دیدارەكەی ئەمساڵیش "ئاشتیی ناوچەكەیە."

دیداری سلێمانی بۆ ئەمساڵ، میوانداریی سەركردە و بیرمەند و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمەریكا و هەموو دنیا دەكات كە سەرۆكی وڵاتان، دیپلۆماتكاران، لێپرسراوانی باڵا، ئەكادیمی و شیكەرەوەی دامەزراوە سیاسی و هزرییە پێشەنگەكان بەشداریی تێدا دەكەن.

دیداری ئەمساڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە دیارەكاندا دەبەسترێت، لە ناویاندا چاتم هاوس پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی (IAI)، پەیمانگەی عیسام فارس لە زانكۆی ئەمەریكیی بەیرووت، دامەزراوەی سەدە و  گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی.

هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەت عێراقی فیدراڵ، تێیدا بەشداری دەكەن و نێچیرڤان بارزانی و سوودانی گوتاریان دەبێت.
 
بەگوێرەی بەرنامەی كاری دیدارەكە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، محەمەد حەسان نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و د. بەرهەم ساڵح دامەزرێنەری زانكۆی ئەمەریكیی سلێمانی، لەو دیدارە ئامادە بن.




وشە - سۆران عەزیز