دوای 11 ساڵ گەنجێكی ئێزیدی رزگار دەكرێت

:: AM:09:33:16/04/2025 ‌
دوای 11 ساڵ، گەنجێكی ئێزیدی لە ئۆپراسیۆنێكی هێزەكانی هەسەدەدا رزگار دەكرێت. ئەو گەنجە لەلایەن داعشەوە خێزانەكەی پەرتەوازە كراوە و خۆیشی وەك چەكدار راهێنانی پێ كراوە.

عوسمان خەیرۆ ساڵی  2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە پەلاماری گوندەكەیان بەناوی "وەردییە" لە دەڤەری شنگال دەدرێت. 

بەپێی راگەیەنراوێكی هەسەدە، رزگاركردنی عوسمان خەیرۆ رۆژی 12ی نیسانی 2025 لە میانەی ئۆپراسیۆنێكی تەناهیی تایبەتی هێزەكانی سووریای دیموكراتدا بووە، چیرۆكی ئەو گەنجە ئێزیدییە یەكێكی ترە لە چیرۆكە تراجیدییەكانی ئێزیدییەكان.

عوسمان ئێستە كە تەمەنی 19 ساڵە، لە پەلاماری چەكدارانی داعش لە سێی ئابی 2014دا لەگەڵ هەزاران ئێزیدیی تر رفێنران. بەچاوی خۆی چەندان چیرۆكی تراجیدی تری بینیوە و شاهیدی كۆمەڵكوژییەكانی داعشە.

لە تەمەنی هەشت ساڵیدا عوسمان دەڕفێنرێت و سەرەتا لە پیر و بەتەمەنەكان جیا دەكرێنەوە، ئامادەیان دەكەن وەك چەكداری داعش بەشداریی لە خولە فكری و سەربازییەكانیاندا بكەن.

عوسمان بۆ ماوەی سێ مانگ لە مووسڵ هێڵراوەتەوە و لەوێ لە براكەی دابڕا. دوای ئەوە ڕێكخراوەكە لەگەڵ 60 منداڵی تری ئێزیدی ڕەوانەی شاری ئەلبوكەمال لە سووریای كرد.

داعش كەمپی راهێنانی منداڵانی هەبووە، دواتر عوسمان و منداڵەكانی تر لەلایەن داعشەوە گوازرانەوە بیابانی سووریا و سێ ساڵ لەوێ دەمێننەوە، دوای ئەوە وەك شەڕكەرێك دەیگوازنەوە بۆ بیابانی حمس، چوار ساڵیش لەوێ دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا بۆمبێكی پێدا دەتەقێت و قاچی بریندار دەبێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی هەسەدە، رزگاركردنی عوسمان رۆژی 12ی نیسانی 2025 لە میانەی ئۆپراسیۆنێكی تەناهیی تایبەتی هێزەكانی سووریای دیموكراتدا بووە. ئەوەش دوای ئەوەی چەندان شەڕ و كاولكاری و كوشتاری بینیوە.

بەپێی ئامارەكانی نووسینگەی ڕزگاركردنی ئێزیدییە ڕفێنراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆی شەش هەزار و 417 ئێزیدی كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون، سێ هەزار و 585 كەسیان ئازاد كراون، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار ئێزیدی بە دەستی داعش كوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵیش بێ دایك و باوك ماونەتەوە، دوو هەزار و 558 كەسیش بێ سەروشوێن بوون.

تا ئێستە 93 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە كە 274 روفاتیان تێدا بووە و رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز