زانیاریی نوێ لەسەر دۆخی تەندروستیی سری سورەیا بڵاو كرایەوە

:: AM:09:51:16/04/2025 ‌
گوتەبێژی دەم پارتی سوپاسی سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی پارتە سیاسییەكان دەكات، بۆ پەرۆشییان لەبارەی تەندروستیی سری سوورەیا ئۆندەر، لەبارەی تەندروستیی ئۆندەریشەوە دەڵێت: جگە لە لێدوانی پزیشكەكان، هیچ زانیارییەكی تر ناتوانین رابگەیەنین.

سرری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، درەنگانی دوێنی شەو دۆخی تەندروستیی تێكچوو و گەیەنرایە نەخۆشخانە، چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ هەواڵی نوێ لەسەر دۆخی تەندروستیی بڵاو بكرێتەوە.

ئۆندەر كارەكتەرێكی دیار و كاریگەرە لە ناو مەیدانی سیاسیی توركیا، بەتایبەت  لە پرسی ئاشتەوایی كورد ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە. هەموو توركیا چاویان لە ئەنجامی نەشتەگەرییەكەی ئۆندەرە، چاوەڕێ دەكەن بەتەندروستییەكی باشەوە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەكە.

عایشەگوڵ دۆغان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی تەندروستیی سری سورەیا ئۆندەر گوتی: سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە دڵیان لەگەڵ ئێمەیە، سەرۆك پارتەكان، بەتایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمار كە لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی تەندروستیی سری سورەیا ئۆندەر دەكات.

گوتیشی: لەم كاتەدا جگە لە لێدوانی پزیشكەكان، هیچ زانیارییەكی تر ناتوانین بدەین. 

گوتەبێژی دەم پارتی ڕاشی گەیاند، لە دوای تەواوبوونی نەشتەرگەری، ئۆندەر دەخرێتە ژێر چاودێریی چڕی پزیشكییەوە.

هەر لە كۆنفرانسەكەدا عایشەگوڵ دۆغان گوتی: ئۆندەر پیاوی دۆخە سەختەكانە و بڕوامان وایە دۆخەكە تێدەپەڕێنێت و بە تەندروستییەكی باش دەگەڕێتەوە، بەهیوایەكی زۆر چاوەڕێی باشبوونی تەندروستی دەكەین.




وشە - سۆران عەزیز