نێچیرڤان بارزانی بۆ كیمیابارانی بالیسان: مەبەست لێی شكاندنی ئیرادەی كورد بوو

:: AM:10:24:16/04/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە ساڵوەگەڕی 38 ساڵەی كیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بڵاو كردەوە. 

لە پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ لە یادی 38 ساڵەی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتیدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو تاوانكارییەی ڕژێمی پێشوو دادەنەوێنین. بە ڕێز و شكۆدارییەوە بەبیریان دەهێنینەوە و سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان دەنێرین.

"تاوانی كیمیابارانكردنی ئەو ناوچەیە و خەڵكە دڵسۆز و تێكۆشەرەكەی، بەردەوامیی زنجیرەیەك تاوانی تر بوو دەرهەق بە خەڵكی سڤیل و خاك و سروشتی كوردستان. مەبەست لێی شكاندنی ئیرادەی ئازادیی گەلی كوردستان و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە بوو، كە هەمیشە مەكۆیەكی گرنگی خەبات و تێكۆشان و مەڵبەندی پێشمەرگایەتی بووە"، لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا وا هاتووە.

لە كۆتایی پەیامەكەشدا دەڵێ‌، ئازادی و دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی خەڵكی كۆڵنەدەری كوردستانە. باشترین یاد و ڕێز و وەفا بۆ گیانی شەهیدان و مسۆگەركردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی كوردستان، یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەیی و خزمەتكردنی زیاتری كوردستانە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم