ترەمپ دێتە كەنداو.. بە نیازی چییە؟

:: PM:07:16:07/05/2025 ‌

بڕیارە لە 13 بۆ 16ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دووەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی سەردانی سعوودیە و قەتەڕ و ئیمارات بكات و لەگەڵ سەركردەكانی كەنداویش لە ریاز كۆ ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە یەكەم ماوەی دەسەڵاتی ئەوسێ دەوڵەتە بە بڕە پارەیەكی زۆر وەبەرهێنانیان لە ئەمەریكا راگەیاندبوو، ئێستەش هاتووە و هەگبە بەتاڵەكەی پڕ بكاتەوە.

ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكی تیشك دەخاتە سەر ناوەڕۆك و مەبەستی سەردانەكەی ترەمپ بۆ ئەو سێ دەوڵەتە دەوڵەمەندە و دەڵێت، ئەو سێ دەوڵەتە هەوڵی سوودبینین لە سەردانەكەی ترەمپ دەدەن بۆ بەهێزكردنی پیشەسازی فڕۆكەوانی و كەرتی بەرگرییان، گرێبەستە بازرگانییەكان بكەنە دەستكەوتێكی سیاسی.

روونی كردەوە، بەر لە سەردانەكەی ترەمپ، گەورە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كێبەركێ دەكەن بۆ سازكردنی گرێبەستی گەورە، لەوانە هێڵی ئاسمانیی قەتەڕی خۆی بۆ دەستەوارەیەكی گەورە بۆ كڕینی 100 فڕۆكەی گەورە لە كۆمپانیای بۆینگ و داواكردنی ژمارەیەكی تریش ئامادە كردووە، ئەوە لەوكاتەی راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن بەهای رێككەوتنەكان كە بوارەكانی بەرگری و فڕۆكەوانی و ژێرخان و تەكنۆلۆجیا دەگرێتەوە، رەنگە بگاتە سێ ترلیۆن دۆلار، ئەوەش زۆر لەوە زیاترە كە ترەمپ لە ماوەی یەكەمی دەسەڵاتی لە 2017 لە ناوچەكە دەستی كەوت.

لە مانگی ئاداری رابردوو ئیمارات بە ترەمپی راگەیاند كە بە بڕی 1.4 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئابووری ئەمەریكا لە بوارەكانی ژێرخانی ژیریی دەستكرد دەكات، لەوانە بڕی 100 ملیار دۆلار لە پڕۆژەیەكی هاوبەش لەگەڵ ترەمپ تەرخان دەكات، كۆشكی سپیش رای گەیاند كە دەیەوێ لە سەردانەكەی ترەمپ قەتەڕیش پابەندییەكی هاوشێوەی ئیمارات رابگەیەنێت.  

بەپێی سەرچاوەكان كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ریاز بە نیازە 50 فڕۆكە بكڕێت، كە رەنگە بۆینگ بێت، بە گشتی واشنتن گوشار لە وڵاتانی كەنداو دەكات بۆ وەبەرهێنانكردن لە كەرتەكانی ژێرخان و وزە و بەرگری و پیشەسازی لە ئەمەریكا بە بڕێكی زۆر زیاتر لە 400 ملیار دۆلار كە سعوودیە لە 2017 رای گەیاند، ترەمپ دەیەوێ سعوودیە وەبەرهێنانەكەی بگەیەنێتە ترلیۆنێك دۆلار.

سەردانەكەی ترەمپ فرۆشتنی چەكیش دەگرێتەوە، بەتایبەتی فڕۆكەی جەنگی و مووشەك و تفاقی سەربازی، بەتایبەتی كە ئەمەریكا گەورەترین فرۆشیاری چەكە لە دنیا و نیوەی چەكی هاتوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەریكاوەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل