"پێشمەرگە هەمیشە لە كاتی شەڕ و ئاشتیشدا پارێزگاری لە لێقەوماوانی جەنگ كردووە"

:: PM:03:05:08/05/2025 ‌
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كیلنور جێگری بەرپرسی  كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق، یاداشتێكیان واژوو كرد.

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی لێكتێگەیشتننامەكە رای گەیاند: "ئەم یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە، بۆ لێك نزیكبوونەوە و فراوانبوونی پێوەندییەكانی نێوانمان و گەیاندنی پەیامی پاراستنی یاساكانی نێونەتەوەییە لە كاتی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەكاندا، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ژیان و كەرامەتی لێقەوماوانی جەنگ و بارودۆخە ناهەموارەكان، هەروەها لە پێناو چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێونەتەوەییەكانە لە دنیادا."

هەروەها وەزیری پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی پێشان دا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری و بەرپرسیارێتیدایە، هەمیشە لە كاتی شەڕ و ئاشتیشدا پارێزگاری لە خەڵكی سڤیل و لێقەوماوانی جەنگ كردووە لە ناوچەكەدا.

لەلای خۆیەوە كیلنور دڵخۆشی خۆی و پاڵپشتی رێكخراوی خاچی سووری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات كردەوە، رای گەیاند، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبین لە كاری پێكەوەیی و پاراستنی یاساكانی جەنگ، دڵنیاین هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی باڵادایە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ئەم یاداشتنامەیەش زیاتر پێوەندییەكانی نێوانمان بەرەوپێش دەبات.

لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا یاداشتنامەكە واژوو كرا، هەردوولا پابەندی خۆیان بە جێبەجێكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان دووپات كردەوە لە پێناو پاراستنی بنەما یاساییە نێونەتەوەییەكان، لە ڕێگەی ئەنجامدانی خول و وۆركشۆپی تایبەت لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم