لە دوای مردنی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە مانگی رابردوو، دوێنێ و ئەمڕۆ كاردینالەكان لە ڤاتیكان كۆبوونەوەیەكی داخراویان ساز كرد و پاپای نوێی ڤاتیكانیان دیاری كرد، ئەمڕۆ پێنجشەم ئەوان كاردینالی ئەمەریكی رۆبەرت پریڤۆستیان وەك پاپای نوێ هەڵبژارد.
ئەمڕۆ ئێوارە سەرۆكی كاردینالەكانی كاسۆلیك رای گەیاند، كاردینالی ئەمەریكی رۆبەرت پریڤۆست وەك پاپای نوێی كلێسای كاسۆلیكی بە ناوی پاپا لیۆی 14ی ڤاتیكان هاتە هەڵبژاردن، ئەوەش دوای كۆبوونەوەیەكی داخراوی دوێنێ و ئەمڕۆی 133 كاردینال و بەرزبوونەوەی دووكەڵی سپی لە كلێسای قدیس پترۆس وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێی كلێسای كاسۆلیكی.
هەر ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی دووكەڵی سپی دەنگی زەنگوڵەكانی كلێسای قدیس پترۆس وەك ئاهەنگێك بە بۆنەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ لێ درا، كە هەزاران كریستیان لە گۆڕەپانی كلێساكە وەستان و چاوەڕوانی دووكەڵی سپیی ئاگردانی كلێساكەیان دەكرد.