وردەكاریی گیان لەدەستدانی یەكەم تووشبووی تای خوێنبەربوون بڵاو كرایەوە

:: AM:11:11:10/05/2025 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دوای بوونی دوو حاڵەتی گومانلێكراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆك، یەكێكیان گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئایار، وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، دوای بوونی دوو حاڵەتی گومانلێكراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆك، دوای هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشكنین بۆ گومانلێكراوان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، حاڵەتێكیان دوای دڵنیابوونەوە و پشتڕاستكردنەوەی پشكنینەكان، وەك دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرا.

ئاماژە بەوەش كراوە، دووەم حاڵەت بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرا، ئەویش هاووڵاتییەكی شیلادزێیە لە قەزای ئامێدی، 45 ساڵە و ئافرەتی ماڵە و خاوەن و بەركەوتەی ئاژەڵن.

روون كراوەتەوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەیەكی شاری دهۆك، بەهۆی بوونی نیشانەكانی خوێنبەربوون و چەندان ڕێكاری چارەسەری پزیشكی، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی، وەك یەكەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون گیانی لە دەست دا.

ئەو وەزارەتە دەڵێت، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین و دووپات دەكەینەوە لەسەر جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی، لەكاتی هەبوونی گومان و نیشانەكانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەكانی ڤێتێرنەری ئاگادار بكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد