بەریتانیا ئەربیلی گرت و رەوانەی بەلجیكای كرد

:: AM:11:59:10/05/2025 ‌
قاچاخچییەكی كورد كە ماوەی ساڵێكە لە بەریتانیا گیراوە، رەوانەی بەلجیكا كرا و ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیاش دەڵێت، تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی دوو كۆمەڵە كۆچبەری نایاسایی لە بەلجیكاوە بۆ ئینگلتەرا.

ئاژانسەكە لە نووسراوێكدا لە ماڵپەڕی خۆی دەڵێت، تۆمەتبارەكە ناوی ئەربیل جەلیلی قادرە و تەمەنی 25 ساڵە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن پۆلیسی بەلجیكاوە فەرمانی گرتنی هەبووە، لە تەمووزی 2024 لە شاری پیتەربۆرۆی ئینگلتەرا گیراوە.

ئەربیل جەلیلی قادر، ساڵی 2023 لە رێگەی بەلەمەوە چووەتە بەریتانیا و هەمان ساڵ هەوڵی داوە دوو كۆمەڵە كۆچبەر بە رێگەی قاچاخ و لە رێگەی كەشتییەوە بگوازێتەوە بۆ ئینگلتەرا.

تۆمەتبار ویستوویەتی هەردوو كۆمەڵە كۆچبەرەكە لە ناو ئەو بارهەڵگرانەدا بشارێتەوە كە لە رێگەی كەشتییەوە بە ناو دەریادا دەگوازرێنەوە بۆ ئینگلتەرا، بەڵام پێش ئەوەی كۆچبەرەكان بگەنە ناو بارهەڵگرەكان و بەرەو بەریتانیا بەڕێ بكەون، پۆلیسی بەلجیكا رێگریی لێ كردوون.

بەگوێرەی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا، ئەربیل جەلیلی قادر ناوی خۆی لە دەزگا تەناهییەكان شاردووەتەوە، بەڵام دەزگاكە لە رێگەی هەژمارەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و داتای ناو مۆبایلەكەی، ناسنامەی راستەقینەیان دۆزیوەتەوە.

تۆمەتبارە كوردەكە رۆژی پێنجشەم هەشتی ئایار، بە فڕۆكە گەڕێنراوەتەوە بۆ بەلجیكا و بڕیارە لە دادگای وێست فلاندەرز لە بەلجیكا دادگایی بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز