هیندستان و پاكستان شەڕیان وەستاند

:: PM:05:02:10/05/2025 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەموو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندكە دوای چوار رۆژ لە شەڕی نێوانیان، هیندستان و پاكستان رازی بوون راستەوخۆ شەڕی نێوانیان بوەستێنن، وەزارەتی دەرەوەی پاكستان رای گەیاند كە لەگەڵ هیندستان بە وەستانی راستەوخۆی شەڕ رازین.

محەمەد ئیسحاقدار وەزیری دەرەوەی پاكستان رای گەیاند، پاكستان بە بەردەوان هەوڵی چەسپانی ئاشتی و ئاسایشی لە ناوچەكە بێ دەستبردن بۆ سەروەری و سەلامەتیی خاكی وڵاتان داوە، روونی كردەوە، 30 دەوڵەت بەشدارییان لە هەوڵی كارای دیپلۆماسی كرد بۆ وەستانی شەڕ، هاوكات كەناڵی سەربازی و هێڵی گەرم لە نێوان هیندستان و پاكستان كار كرا.

لای خۆیەوە سوبراهمانیام جایشانكار وەزیری دەرەوەی هیندستان دووپاتی كردەوە، لەگەڵ پاكستان گەیشتووین بە وەستانی شەڕ و كارە سەربازییەكان لە دژی یەكتر، هاوكات دەستەی فڕۆكەوانیی پاكستان كردنەوەی بواری ئاسمانیی وڵاتەكەی لەبەردەم هەموو گەشتەكان راگەیاند، ئەوەش دوای راگەیاندنی رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات لە لایەن ئیسلام ئاباد و نیودلهی و واشنتن، دوای ئەوەی لە سەرەتای كێشەكەوە هاتبووە داخستن.

راگەیاندنی وەستانی راستەوخۆی شەڕ لە لایەن پاكستان و هیندستان دوای ئەوە هات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەستێكی تەواو و بەپەلە رێككەوتوون، ئەو لە سۆشیال ترووس ئاماژەی كرد، دوای شەوێكی دوورودرێژ لە گفتوگۆ، خۆشحاڵم رای بگەیەنم كە هیندستان و پاكستان بە ئاگربەستێكی تەواو و بەپەلە گەیشتوون، پیرۆزە لە هەردوو وڵات بۆ پەنابردنیان بۆ دانایی و زیرەكی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل