عێراق خۆپێشاندانی قەدەغە كرد

:: PM:05:21:10/05/2025 ‌

بڕیارە لە 17ی ئەم مانگە كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا ساز بكرێت، عێراق ئامادەسازییەكی تەواوی كردووە و هەموو وڵاتەكانی داوت كردووە، لە بەغدا رێوشوێنی توند وەرگیراون، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی كردەوە كە لە 11ی ئایارەوە تا 20ی ئایار هەموو خۆپێشاندانێك قەدەغەیە.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە یەكەم ساتی راگەیاندنی وادەی سازكردنی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، هێزە تەناهییەكانی عێراق دەستیان بە وەرگرتنی هەنگاو و رێوشوێنەكان كردووە بۆ دابینكردنی سەلامەتیی ئەو رووداوە گرنگە، كە دەبێتە رەنگدانەوەی وێنەی راستەقینەی عێراق لە هەموو رووێكەوە.

روونی كردەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی سازكردنی لووتكەكە، هێزە تەناهییەكان سەرقاڵی ئامادەسازییەكانن بۆ سەرخستنی لووتكەكە، كاتێك هەموو تواناكانیان بۆ پێشوازیكردن لە مێوانەكان رەخساندووە، وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەكاتەوە كە نابێت لەو ماوەیەدا هیچ خۆپێشاندانێك لەبەر هەر هۆكارێك ساز بكرێت، هیچ مۆڵەتێك بەوە نادرێت، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ سازكردنی خۆپێشاندان پێشێلكاری یاسایە و رێنوێنی هەیە بە گرتنی هەر كەسێك هەوڵی خۆپێشاندان بدات لەو ماوەیە.

بەپێی بەیاننامەكە هێزە تەناهییەكان رێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی هەر خۆپێشاندەرێك وەردەگرن لەو قۆناغە هەوڵی سەرقاڵكردنی هێزە تەناهییەكان لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان بدات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل