رژێنی دەرەقی یەكێكە لە رژێنە گرنگەكانی لەش و دروستبوونی كێشە لە دەردانی، واتە زیاد و كەمبوونەوەی دەردانی رژێنەكە كار لە تەندروستیی مرۆڤ دەكات، زیاتر كێشەكە لە ژنان هەیە، كە رەنگە ئەوە وا بكات پیاوان فەورامۆشی بكەن و پشكنینی بۆ نەكەن، د. بیوش لودها پسپۆڕی
كوێرە رژێنەكان باسی چەند نیشانەیەكی ناباوی بوونی كێشە لە رژێنی دەرەقی لە پیاوان دەكات، لەوانە:
*هەستكردنی بەردەوام بە ماندووبوون و شەكەتی و سستی، تەنانەت لە دوای خەوێكی هێمن و باش، رەنگە نیشانەیەكی كێشەی كەمیی دەردانی رژێنی دەرەقی بێت، ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی خەمۆكی و كێشەی دڵ.
* زیادبوون یان لەدەستدانی كتوپڕی كێشی لەش، ئەگەر ئەوانە بێ ریجیمكردن یان وەرزشكردن دروست بوون، كاتێك كەمیی دەردانی رژێنەكە دەبێتە هۆی قەڵەوی و زیادی دەردانیش دەبێتە هۆی لەدەستدانی كێشی لەش.
*گۆڕانی میزاج و رارایی و ئاڵۆزیی مێشك، رژێنەكە تەنیا كار لە لەش ناكات و كار لە مێشكیش دەكات، بۆیە ئەگەر هەست بە خەمۆكی و رارایی ئاڵۆزیی مێشك دەكەیت، رەنگە هۆكارەكەی كێشەی رژێنی دەرەقی بێت، كەمیی دەردان خەمۆكی و كێشەی یادەوەری دروست دەكات و زۆری دەردانیشی رارایی و خەوزڕان.
*كەمبوونەوەی خواستی سێكس و كێشە لە وەچەخستنەوە، كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن و كەمبوونەوەی كوالیتیی سپێرمەكان و لاوازیی رەقبوون و كەمبوونەوەی خواستی سێكس، هەموو ئەوانە پێوەستن بە كێشە لە هۆرمۆنی دەرەقییەوە، بۆیە ئەگەر ئەوانە هەبوون، پێویستە پشكنین بۆ رژێنەكە بكرێت.
*تەنكبوونەوە و بێهێزیی موو و گۆڕانكاری لە پێست، زیادبوون یان كەمیی دەردانی رژێنی دەرەقی كار لە قژ و پێست دەكەن، بۆیە ئەگەر هەست بە گۆڕانكاری لەوانە بكەیت، پێویستە پشكنینی بۆ رژێنی دەرەقی بكرێت.