"بەغدا ناتوانێت ئیرادەی هەرێم بشكێنێت و ئەوانەی خەون بەوە دەبینن بەو داخەوە سەر بنێنەوە"

:: PM:09:14:02/06/2025 ‌

پەرلەمانتار و شارەزایانی سیاسی پێیان وایە بەغدا دەیەوێ مووچە بكاتە كارتێكی گوشار بۆ ئەوەی بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت، لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چارەسەری كێشەكانە بە شێوەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، لەوكاتەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەغدا زۆرترین گوشاری كردووەتە سەر هەرێم لە رێگەی دواخستن و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە ماوەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام نیازپاكیی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گفتوگۆ نیشان داوە، دەیانجار شاندی فەرمیی حكوومەتی هەرێم  بۆ كۆتاهێنان بە كێشەكان چوونەتە بەغدا، بەڵام بەغدا دەیەوێ لە رێگەی گوشار و سەپاندنەوە بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێم جێبەجێ بكا و بەو رێگەیە كێشەكان چارەسەر بكات، سەرەتای ئەمساڵیش بەغدا رای گەیاند، چیتر بۆ ساڵی 2025 گرفت دروست نابێت، بەڵام دوای چوار مانگ بە نایاسایی كێشەیان بۆ مووچە دروست كردووە.

وەعدی مزووری پسپۆڕی بواری یاسا بە "وشە"ی گوت، بەغدا دەیەوێ بە تەواوی گوشار لە هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی كەم بكاتەوە، لەوكاتەی دەستوور دەڵێت قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستوورییە و دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت و دادگای فیدراڵیش گوتی نابێت چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوا بكەوێت، حكوومەتی عێراق پابەند بێت لەگەڵ فەرمانبەرانی خۆی و لە كاتی خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش خەرج بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەندی ئەوە نابێ و دەیەوێ قسە و بڕیارەكانی خۆی بسەپێنێت، كە مەبەست لێی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمە.

ئەو باسی لەوە كرد، بە تەواوی روون بووەوە كە بەغدا سیاسەتی برسیكردنی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكا و نیازی خراپی هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە و هیچ ناحەزێك دەستی خراپەكاریی پێ ناگات، بۆیە بەغدا ناتوانێت لە بەرانبەر مووچە و پارە ئیرادەی حكوومەتی هەرێم بشكێنێت، ئەوانەشی خەون بە تێكدانی دۆخی هەرێم دەبینن، دەبێت بەو داخەوە سەر بنێنەوە، خۆیان گوتیان مووچەی ئەمساڵ بێ گرفت دەبێت، ئێستەش قسەیەكی تر دەكەن.

لای خۆیەوە بڵند فاتیح چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە بەغدا بە هەمان شێوەی فەرمانبەرانی عێراق گرنگی بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بدات، دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ناڕەوایە و بەغدا چەند مانگێكە بەو شێوەیە مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، جارێك دەڵێت دەینێرم و دواتر دەڵێت تەمویلی هەرێم تەواو بووە، بەوە دەیەوێ گوشار لە حكوومەتی هەرێم بكات بۆ ئەوەی پابەندی بڕیارەكانی بكات.

روونی كردەوە، رێككەوتن بە شێوەی لێكتێگەیشتنە نەك سەپاندنی بڕیار وەك ئەوەی بەغدا دەیەوێت، هەموو كێشەیەك لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەكرێت، چەندان جار شاندی هەرێم چوونەتە بەغدا، بەڵام بەغدا هەر دەیەوێ ئەوە بكات كە خۆی دەیەوێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان پابەندی بڕیارەكانی بكا و ژێردەستەی بكات.

پێوەست بەو ستەمەی بەغدا لە هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانی دەیكات، كامەران سەباح فەرمانبەر بە "وشە" دەڵێت، بەغدا هیچی بەرانبەر بە كوردستان پێ ناكرێت تەنیا بابەتی مووچە نەبێت، لای عەرەب شتێك نییە بە ناوی هاووڵاتیی كوردستان، لەوەتەی بەغدا هەیە بەرانبەر بە كورد مامەڵەیەكی باشی نەكردووە، جگە لەو كاتانەی كە لاواز و ناچار بووبێت.

ئەو فەرمانبەرە دووپاتی كردەوە، هەر كاتێك بەغدا دەسەڵاتی هەبووبێت بەو جۆرە كار و مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، ئەمجارە بەغدا ئامانجێكی تری هەیە، ئەویش لێدانە لە هەرێم و كاركردن بۆ دروستبوونی ناڕەزایەتی، ئەویش لە رێگەی نەدانی مووچەی فەرمانبەران، لە رابردووش رێگەی تری تاقی كردووەتەوە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل