"رووخساری نوێی سیاسیی عێراق پڕ لە قین و چاوپێهەڵنەهاتنە بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان"

:: PM:09:17:04/06/2025 ‌

دوای ئەوەی بە هەوڵی چەندین لایەن، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر بەغدا، ئیتر كێشە بەرۆكی مووچەی فەرمانبەرانی گرت و ماوەی 26 مانگی رابردوو بەغدا هەموو مانگێك بە بیانووی جۆراوجۆری بێ بنەما مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەخات و ناینێرێت، ئەگەرچی هەموو شتێك لەبارەی مووچە كراوە لە رێككەوتن و یاسای بودجە و دادگای فیدراڵیش.

 چاودێران باس لەوە دەكەن كە بەغدا دەیەوێ هەرێم تووشی شكست و لاوازی بكات، هەموو گوشارێك لە هەرێم بكات لەپێناو ئەوەی حكوومەتی هەرێم رازی بكات و بڕیارەكانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت و دەسەڵاتەكانی نەمێنن و ئەو دەستكەوتانەی لە رابردوو بەدەست هاتبوون نەیانهێڵێت، بەڵام پێیان وایە هیچكات بەغدا ناتوانێت ئیرادەی هەرێم بشكێنێت و خۆی بەسەر هەرێمدا فەرز بكات.

ناسر هەركی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا هەمیشە نیازی باشی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نەبووە، لە هەموو كات و سەردەمێكدا بەغدا ویستوویەتی و چەپۆكی لە كورد داوە، ئەوانە وا دروست بوون بۆ دژایەتیی كورد و كوردستان و هەركات دەسەڵاتیان هەبووبێت، كاریان بۆ لاوازكردنی هەرێم و گوشاركردنە سەر هەرێمی كوردستان كردووە، دواتریش كاتێك بێ دەسەڵات دەبن و كاریان دەگاتە لێژی پەنا بۆ كورد دێنن، بەغدا ئەمە سیاسەت و مامەڵەیەتی بەرانبەر بە كورد و كوردستان.

روونی كردەوە، ئەوانەی دەیانگوت بەغدا باشترە، ئەوە بەس نەبوو كە هەموو مانگێك مووچەیان دوا دەخست، ئەوە هاتە سەر ئەوەش كە بڵێین بۆ ئەمساڵ مووچە تەواو بوو، بۆیە ئەگەر داهات و ئابووری لە ژێر دەستی خۆت نەبێت ئاوا دەبێت، ئەوەتا دەبێ هەر بەو جۆرە چاومان لە دەستی بەغدا بێت، بەغدا چی بەرانبەر كورد نەكردووە لە دەسەڵاتەكانی رابردوو تا ئێستە، ئەم برسیكردنەش هەر وەك ئەوە وایە، چونكە تاوانی مرۆییە و مووچەی خەڵك نادات و كاری لە بژێوی خەڵك كردووە.

لای خۆیەوە سەردار رەسووڵ رۆشنبیر و چالاك بە "وشە"ی گوت، خەڵكی عێراق خواستیان نییە پێكەوەژیان لە نێوان كورد و عەرەبدا هەبێت، ئەوەش روونە كە ئەوەی لە عێراق دەسەڵاتی هەیە كۆمەڵێكن، نایانەوێ كورد دەسەڵاتی هەبێت، دەیانەوێ لەژێر دەسەڵاتی خۆیانبن، ئەوان هیچ بە رەوا نابینن بۆ كورد، بۆیە ئەگەر پێشتر لە عێراق هاووڵاتییانی كوردستان بە پلە دوو سەیر كرابان، ئێستە بە پلە چواریش سەیر ناكرێن، ئەمە دیدی دەسەڵاتی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو باسی لەوەش كرد، ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان نە لە سیاسەت، لایەنەكان پێویستە لەپێناو هاووڵاتییان یەكتر قبووڵ بكەن و كار بكەن و بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەن، هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە گوشاری لێ دەكرێت و بە هەموو شێوەیەك رقی خۆیان بەرانبەر بە كورد نیشان دەدا.

عەدنان ئەحمەد چاودێرێكی سیاسییە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، راستییەكەی بەغدا هەوڵی شكستهێنان بە قەوارەی هەرێم دەدات، رووخساری نوێی سیاسیی عێراقی لە دوای هەڵبژاردنی 2021 رووخسارێكی پڕ لە قین و چاوپێهەڵنەهاتنە بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، رووخسارێكە لەژێر هێرشی میدیایی شەقامی ناڕەزایی عێراقیدا پەنا بۆ سزادانی هەرێم دەبات.

دووپاتی كردەوە، سەرەڕای هەموو رێكارە یاساییەكانی هەرێم بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا، بەڵام بەردەوام بیانووی یاسایی و تەكنیكی لە راپۆرتەكانی لیژنەی باڵای هەرێم دەدۆزنەوە، ئەوەش لەپێناو نەدانی شایستە داراییەكان و شكستهێنان بە دەستەڵاتی حكومڕانی هەرێم، تا ناڕەزایی هاووڵاتییانی كوردستان زیاد بكات و لە میدیادا بیكەنە چەكی هەڵبژاردن.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل