دامەزراوەی عێراقی ئایندە رای گەیاند، تا عێراق زیاتر كاڵای توركی هاوردە بكات، چانسی بەدەستهێنانی ئاوی زیاتری لە توركیا دەبێت، چونكە بێ ئاوی مەترسییەكی رژدی لەسەر كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازییە ناوخۆییەكان دروست كردووە.
بەڕێوبەری دامەزراوەی عێراقی ئایندە رای گەیاند، توركیا لەمەودوا سیاسەتی نەوت بەرانبەر بە ئاو دەگۆڕێت و سیاسەتی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی لە بازاڕەكانی عێراقدا بەرانبەر بە بەردانەوەی ئاو جێبەجێ دەكات.
مەنار عوبەیدی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دامەزراوەی عێراقی ئایندە دەڵێت: سەرۆكی ژووری بازرگانی توركیا ئامانجێكی هاوبەشی نێوان عێراق و توركیا ئاشكراكردووە بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ 30 ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی وردەكاریی لەبارەی كات و شوێنی ڕێككەوتنەكە نەخراوەتە ڕوو، هەروەها ئەو لایەنە عێراقیەی لە دانانی ئەم ئامانجەدا بەشداربووە، ئاماژەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە دەوڵەتی توركیا پلانی ئەوەی هەیە كە بازاڕەكانی عێراق وەك شوێنێكی ستراتیژی بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی دەستنیشان بكات.
بەگوتەی عوبەیدی، پێدەچێت توركیا بیەوێت بازاری عێراق داگیربكات و پاشەكشە بەكاڵای ئێرانی و وڵاتانی تر بۆ عێراق بكات، تەنانەت ڕەنگە كار بۆ سنورداركردنی هەر هەوڵێكی نیشتمانی عێراقیش بدات بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، یان پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، كە رەنگە ببێتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم پلانەی.
ئاماژە بەوەشدەكات، لەبەر رۆشنایی ئەم تێڕوانینە، دروشمی كۆنی "نەوت بەرانبەر ئاو" كە ساڵانێكە دەیبیستین، خەریكە دەگۆڕێت بۆ ڕاستییەك، "هاوردەكردنی كاڵای توركی بەرانبەر بە ئاوە"، تا عێراق زیاتر كاڵای توركی هاوردە بكات، چانسی بەدەستهێنانی ئاوی زیاتری لە توركیا دەبێت.
بەم شێوەیە عێراق خۆی لەبەردەم دوو هەڵبژاردەی تاڵدا دەبینێتەوە، دەستبەرداربوون لە بەشێك لە مافە ئاوییەكانی، كە ئەمە بەگوتەی عوبەیدی ناكرێت، یان بەردەوامبوون لە هاوردەكردنی كاڵای توركی بە رێژەیەك كە ساڵانە بگاتە 30 ملیار دۆلار، بەو هیوایەی كە لایەنی توركی لەبەرامبەردا ئاوی زیاتری بۆ بەربداتەوە، تا هیچ نەبێت بتوانێت كێشەی بێ ئاوی بە ڕێژەیەكی كەمیشبێت چارەسەربكات.