لە ماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا، دوو ڕووداوی جیاوازی تێکشانی فڕۆکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای هەژاند، کە یەکێکیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەبێ گیانلەدەستدان کۆتایی هات، بەڵام لەوی تریان پێشبینی دەکرێت سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستدابێت.
ڕووداوی یەکەم (تێنسی):
دوێنێ یەکشەم، فڕۆکەیەکی تایبەت بە هەڵدانی پەرەشوت کە 20 سەرنشین و تاقمەکەی هەڵگرتبوو، لە کاتی نیشتنەوەدا لە فڕۆکەخانەی تولاهۆما لە ویلایەتی تێنسی تێکشکا. لایڵ ڕاسڵ، گوتەبێژی شارەکە ڕای گەیاند "خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان ڕووی نەداوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە هەواڵییەكان، سەرجەم 20 سەرنشینەکە بریندار بوون، کە سێ کەسیان بە هێلیکۆپتەر و کەسێکی تریش کە برینەکەی سەختتر بووە، بەڕێگەی وشکانی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لە کاتێکدا بریندارەکانی تر چارەسەری سەرەتاییان لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کراوە. لە رووداوەكەدا پێشەوەی فڕۆکەکە بە تەواوی چەقیوەتە زەوییەوە و یەکێک لە باڵەکانی و کلکی لێبووەتەوە.
ڕووداوی دووەم (سان دیێگۆ):
ئەمڕۆ دووشەم نۆی حوزەیران ڕووی دا، فڕۆکەیەکی تر بەشەش سەرنشینەوە لە زەریای هێمندا و لە نزیک کەناراوەکانی سان دیێگۆ تێکشکا. تا ئێستا چارەنووسی سەرنشینەکانی ئەم فڕۆکەیە نادیارە، بەڵام میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری گیانلەدەستدانیان زۆرە و هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانیش سەرقاڵی گەڕانن.
بۆ هەردوو ڕووداوەکە، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی تێنسی دەکات، هاوکات ئەنجوومەنی سەلامەتیی گواستنەوەش کەیسەکەی سان دیێگۆی وەرگرتووە بۆ زانینی هۆکاری تێکشانەکان.