توێژینەوەیەکی نوێ کە ئەمڕۆ دووشەم نۆی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە خەوتنی زیادەڕۆیی، واتە زیاتر لە نۆ سەعات لە شەوێکدا، دەکرێت مەترسیی بۆ تەندروستیی مێشک دروست بکات و ببێتە هۆی خاوبوونەوەی توانای فیکری "ئیدراکی"، هەروەها مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکیش زیاد دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری زانستیی
"ئەڵزهایمەر و دیمێنشیا" (Alzheimer’s & Dementia) بڵاوکراوەتەوە، پێوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان خەوی زیادەڕۆیی و دابەزینی توانای فیکریی تاکەکاندا هەیە.
توێژەران پشتیان بە داتای زیاتر لە هەزار و 800 کەس بەستووە کە تەمەنیان لەنێوان 27 بۆ 85 ساڵیدا بووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی نۆ سەعات یان زیاتر دەخەون، توانای فیکرییان لاوازترە، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان کێشەی خەمۆکییان هەیە. هەروەها دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر دەخەون، زیاتر نیشانەکانی خەمۆکییان تێدا بەدی دەکرێت.
توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە کە پێویستیی خەو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام خەوتن بۆ ماوەی حەوت بۆ نۆ سەعات لە شەو و ڕۆژێکدا گونجاوترینە بۆ باشترکردنی توانای مێشک.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە دووپات لەوە دەکاتەوە کە "خەوی زیاتر مانای باشتر نییە" و گرنگیی هاوسەنگی لە خەوتندا دووپات دەکاتەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشک و باشترکردنی توانای عەقڵی.