بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ساڵی 2024 بڵاوکرانەوە و نهێنیی پشت گوشاری بەردەوامی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.
داتاکان نەک هەر پەردە لەسەر کورتهێنانێکی گەورەی نزیک بە 10 تریلیۆن دینار هەڵدەماڵن، بەڵکو ناڕاستیی بانگەشەکانی پێشووی حکوومەتی فیدراڵیشی دەرخست کە گوایە مووچەی تەواوی ساڵیان بۆ هەرێم ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکەی خۆیان، پارەکە بەشی 11 مانگیش ناکات.
ڕاپۆرتە فەرمییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق،
وێنەیەکی بە "وشە" گەیشتووە، داتای شۆکهێنەر لەخۆ دەگرێت. سەرەڕای داهاتی سەرووی 140 تریلیۆن دینار لە ساڵی 2024دا، حکوومەتی فیدراڵی زیاتر لە 150 تریلیۆن دیناری خەرج کردووە، ئەمەیش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی فەرمی بە بڕی نۆ تریلیۆن و 753 ملیار دینار.
ئەم ژمارانە ڕاستەوخۆ ئەو بانگەشەیەی پێشووی بەرپرسانی عێراق بەدرۆ دەخەنەوە کە دەیانگوت مووچەی 12 مانگی ساڵی 2024ـیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. بەپێی بەڵگەنامەکان، کۆی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران نێردراوە و دارایی عێراق خۆی تۆماری کردووە، تەنیا 10 تریلیۆن و 786 ملیار دینار بووە. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی یەک مانگ پێویستی بە 996 ملیار دینارە.
بە حیسابێکی زۆر سادە، ئەو بڕە پارەیە بەشی مووچەی 11 مانگیشی تەواو نەکردووە.
ئەو هەموو پارەیە چی لێ دێت و بۆچی ئەم کورتهێنانە گەورەیە لە عێراق دروست بووە؟
بەپێی زانیارییەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، بەشێکی زۆری داهاتی عێراق لەڕێگەی گرێبەستی وەهمی و پرۆژەی ساختە و بەهەدەردانەوە لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانەوە دەدزرێت.
لەلایەکی ترەوە، داتاکانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق شکستی گەورەی سیاسەتی ئابووریی عێراق پێشان دەدەن، چونكە 91٪ی داهاتەکان پشتی بە نەوت بەستووە و داهاتی نانەوتی تەنیا 9٪ پێکدەهێنێت.
ئەمە نیشانەی ئابوورییەکی لاواز و شکستخواردووە کە توانای داهێنان و پێشكەوتنی نییە و تەنیا چاوی لە دزین و فرۆشتنی سامانی ژێرزەوییە.
بۆیە کاتێک حکوومەتی فیدراڵی ڕووبەڕووی ئەم کورتهێنانە گەورەیە دەبێتەوە کە بەهۆی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدانەوە دروست بووە، ئاسانترین ڕێگە بۆ داپۆشینی شکستەکانی، دروستکردنی گوشارە لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستبردن بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران.
بەغدا لەبری چارەسەری کێشە ڕاستەقینەکانی خۆی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بارمتە دەگرێت و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل دەکات، بۆ ئەوەی سەرنجی شەقامی عێراقی لەسەر گەندەڵییەکانی خۆی لابدات.