ناوەندی کەشناسیی سعوودیە ڕای گەیاند، وەرزی حەجی ئەمساڵ کۆتا وەرزی حەج بوو لە وەرزی هاویندا و بۆ ماوەی 25 ساڵی داهاتوو لە وەرزە فێنکەکاندا بەڕێوە دەچێت.
لە لێدوانێكیدا بۆ شەرقولئەوسەت حسێن قەحتانی
گوتەبێژی ناوەندەکە ڕوونی کردەوە، هەشت وەرزی داهاتووی حەج دەکەوێتە وەرزی بەهارەوە، پاشان هەشتی تر لە زستاندا و دواتر لە پایزدا دەبێت، تاوەکو دوای نزیکەی 25 ساڵ جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ هاوین. ئەم گۆڕانکارییەش بەهۆی سووڕی ساڵنامەی کۆچییەوە ڕوودەدات.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە حەجی ئەمساڵ لە پلەکانی گەرمی زۆر بەرزدا بەڕێوەچوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، وەزارەتی تەندروستی سعوودیە ئاشکرای کرد کە ڕێژەی تێكچوونی تەندروستی حاجییان بەهۆی گەرماوە، بە ڕێژەی 90٪ کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی پار.
وەزارەتەکە هۆکاری ئەم سەرکەوتنەی بۆ هەڵمەتە چڕەکانی هۆشیاری و پابەندبوونی حاجییان بە رێنوێنییەكانەوە گەڕاندەوە، وەک بەکارهێنانی چەتر و خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو.