ئەمڕۆ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر دەكرێت

:: AM:09:06:10/06/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنجی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە سایلۆكان دەست پێ‌ بكات، بەپێی ئەو پلانەی هەیە ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی حوزەیران، بە گوتەی نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بۆ "وشە" ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەست پێ‌ دەكات.

بڕی ئەو گەنمەی دیاری كراوە 400 هەزار تۆنە، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بڕیاریان داوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی قسە بكەن و رێژەكە زیاد بكەن.

لە هەولێر بڕیار دراوە رۆژی پێنجشەمی ئەم هەفتەیە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەست پێ‌ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا لە بەرپرسانی ئیدارەی هەولێر پێكهێنراوە.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە هاوئاهەنگیدایە.

زیاتر گوتی، ئامادەكاریمان كردووە لە رێگەی 11 سایلۆوە، وەرگرتنی بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران دەست پێ بكات.

باسی لەوەش كرد، ئەو بەرهەمی گەنمەی پشتی بە باران بەستووە، تۆنێكی بە 800 هەزار دینار و ئەوانەشی بە سیستمی ئاودێری بووە، تۆنێكی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.

لەبارەی زیاتركردنی بڕی بەرهەمی گەنمی جووتیاران كە لە سایلۆكان لێیان وەربگیرێت رای گەیاند، ئەگەر هەرێمی كوردستان زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنمی هەبوو، ئەوا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق گفتوگۆ دەكەن بۆ وەرگرتنی زیادەی بەرهەمی گەنم.

ئەمساڵ بەرهەمی جووتیارانی كوردستان بەهۆی وشكەساڵی كەمی كردووە، بەڵام ساڵانی رابردوو بەرهەمەكە نزیك بوو لە یەك ملیۆن تۆن.


وشە - رامیار جەواد