هێراش كرایە سەر خێزانی سەركردەیەكی یەكێتی

:: AM:10:47:10/06/2025 ‌
 شەوی رابردوو لە سلێمانی، هێرش دەكرێتە سەر كوڕی سەركردەیەكی بەناوبانگی یەكێتی و رای دەگەیەنێت، ئۆتۆمبێلێك هاتە بەردەممان و ڕێی پێ گرتین، دابەزی و هەرچی هەڕەشە و جنێو و قسەی ناشیرین بوو پێی كردین، ئۆتۆمبێلەكەش ژمارەكەی ناسراو بوو.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی حوزەیران، هەژار حەسەن كوێستانی رای گەیاند، ‎شەوی ڕابردوو كە چوارەمین ڕۆژی جەژنی قوربان بوو، لەگەڵ خێزان و كچ و كوڕە بچووكەكەم كە لە میوانداری دەگەڕاینەوە، ئارەزوویان كرد بە دەم ڕێگەوە شەربەتێك بخۆینەوە، لە سایەی ئەو پارێزبەندییەی كە قوباد تاڵەبانی بۆ بەندەیان دابین كردووە، جێگەی داخە كە پێچەوانەكەی ڕاست بوو.

دەشڵێت، بەداخەوە لە سەرەتای شەقامی بەختیاری لای تەلاری هونەر لە سلێمانی، "سەرسەرییەك" بێ هیچ هۆكارێك كە خەڵك لەوێ بوون و گەواهیی ئەوەمان بۆ دەدەن، بە ئۆتۆمۆبێلەكەی هاتە بەردەممان و ڕێی پێ گرتین، دابەزی و هەرچی هەڕەشە و جنێو و قسەی ناشیرین بوو پێی كردین، ئۆتۆمبێلەكەش ژمارەكەی ناسراو بوو.

ئاماژە بەوەش دەكات، دڵنیابن ئەگەر لەبەر كەسایەتی و ناوی حەسەن كوێستانیی باوكم و خێزانەكەم و بارودۆخی ئەم زۆنە نەبوایە، هەڵوێستێكی زۆر خراپم دەبوو كە هەرگیز كەس چاوەڕوانیی نەدەكرد، بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئاسایش و دژە تیرۆر و دەزگا هەیە، تەنیا بۆ چەند كەس و بنەماڵەیەك نییە، ئێمە هێشتا لە ژێر پارێزگاری ئەوانداین، فەرموون كامێراكان هەن و با ئەو كەسە بدۆزنەوە و سزای بدەن، چونكە خێزان و منداڵەكانم ئێستەش باوەڕ بەوە ناكەن كە بینیان.

هەژار حەسەن كوێستانی ئەندامی مەكتەبی شەهیدانی یەكێتییە و خوشكێكیشی لە خولی رابردوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو.

ئەوە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا چەندان كەسی تر بەبێ‌ هۆ لەلایەن كەسانێك لە سلێمانی كوژراون، بەشێك لە بكوژەكانیش تا ئێستە نەگیراون.



وشە - رامیار جەواد