پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دانەوێڵەی بازرگانیی عێراقیش ڕای گەیاند، هەوڵ دەدەن بۆ ئەمساڵ گەنمی تەواوی جووتیاران وەربگرن.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی حوزەیران، حەیدەر گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دانەوێڵەی بازرگانیی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و پرۆسەكە بە تەواوەتی دەستی پێ كردووە.
زیاتر گوتی، تا ئێستە سێ ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی عێراق وەرگیراوە، ئێستە هەوڵ دەدەین تەواوی گەنمی جووتیارانی كوردستان و عێراق بۆ ئەمساڵ وەربگرین.
باسی لەوەش كرد، پێشبینی دەكەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زیاتر بێت لە چوار ملیۆن تۆن و بە گەنمی بنەتۆشەوە.
روونی كردەوە كە پرۆسەكە لە هەر شارێك 40 بۆ 45 رۆژ دەخایەنێت، لە هەر سایلۆیەك جێگە نەما، ئەوا لە تەنیشت سایلۆكان شوێنی هەڵگرتنی كاتی هەیە و لەو شوێنانە گەنمەكە كۆ دەكرێتەوە.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تا ناوەڕاستی مانگی تەمووز بەردەوامیی دەبێت.