بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر رای دەگەیەنێت، لە پێنجی تەمووز پڕكردنەوەی فۆرمی خۆراك كۆتایی دێت و پێویستە هاووڵاتییان مامەڵەكانیان تەواو بكەن.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی حوزەیران، سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، مامەڵەی پسوولەی خۆراك بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی لە كوردستان دەستی پێ كردووە.
زیاتر گوتی، ئەو ماوەیەی ئێستە ماوە بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە، پێنجی تەمووزە و كۆتایی دێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان بەخێرایی مامەڵەكەیان بكەن.
باسی لەوەش كرد، داوا لە بریكارەكانی ئارد و خۆراك دەكەن، سەرجەم هاووڵاتییان ئاگادار بكەنەوە لە بەئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، چونكە 5/7/2025 دوا وادەیە بۆ ئەم پرۆسەیە.
روونی كردەوە، ئەو كاتەی دانراوە بۆ دەرهێنانی پسوولەی خۆراكی نوێ، 30 رۆژە و پێش جەژن كارا بووە.
لە ساڵی رابردووەوە عێراق دەستی كردووە بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك و ئێستە پرۆسەكە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.