بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی بڵاوی كردەوە، هەڵمەتێكی دەرمان رشتنیان بۆ قەڵاچۆكردنی مێرووە زیانبەخشەكان دەست پێ كردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاشكرای كرد، بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی گوێزەرەوەی نەخۆشی بۆ ساڵی 2025، دەست كرا بە هەڵمەتی رشاندنی دەرمانی "دژەمێروو" بۆ قەڵاچۆكردنی مێرووە زیانبەخشەكان، وەك مێشوولەی گوێزەرەوەی نەخۆشیی مەلاریا و لیشمانیا و مێشی ناوماڵ.
باسی لەوەش كرد، ئەم هەڵمەتە ساڵانە لە بەهار و پایزدا ئەنجام دەدرێت، لە رۆژانی جەژنی قورباندا هەڵمەتەكە بەردەوام بوو.
سەیارەی مێشەكە، بەو ئۆتۆمبێلە دەگوترێت كە تیمەكانی خۆپاراستنی تەندروستیی بەكاری دەهێنن بۆ رشاندنی دەرمانی دژەمێروو، هاووڵاتییانی شارەكانی هەرێم لە مێژە یادگارییان لەگەڵیدا هەیە و بە "سەیارەی مێشەكە" ناوی دێنن.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هاوڵاتیانی دڵنیا كردەوە لەوەی ئەو دەرمانەی لەشێوەی دووكەڵ لەگەڕەكەكان دەڕژێنرێت سەلامەتە و هیچ مەترسییەكی نییە بۆ مرۆڤ و لای هاوڵاتیان بە دووكەڵی مێشەكە ناسراوە.
ئەو دەرمانە ناوە زانستیەكەی بریتییە لەكەی ئۆسرین "دیلتامیسرین" و بەكاردێت بۆ لەناوبردنی مێشوولەی گوازەرەوەی مەلاریا و نەخۆشی لیشمانیا و بەسوودە بۆ لەناوبردنی مێش و مێرووە زیان بەخشەكانی تر، لەم وەرزەدا و لەكاتی ئێواران ئەو دەرمانە دەڕشێنرێت بۆ لەناوبردنی ئەو مێشولانەی نەخۆشی دەگوازنەوە.