هەفتەی داهاتوو راوی ماسی دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: PM:01:47:10/06/2025 ‌
بەهۆی نزیكبوونەوەی كاتی زاوزێی ماسی و دانانی گەرا بۆ زیادبوونی، راوی ماسی بۆ سێ‌ مانگ قەدەغە كرابوو و سەرجەم راوچییەكانی ماسیش ئاگادار كرابوونەوە، بەڵام هەفتەی داهاتوو راوەماسی دەست پێ‌ دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی حوزەیران، محەمەد سەدرەدین ئەفسەری ئەندامی كۆمەڵەی سروشتی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، پاراستنی سامانی ماسی یەكێكە لە كارەكانی ئێمە و كاری لەسەر دەكەین.

زیاتر گوتی، بە بڕیار قەدەغەی ڕاوی ماسی لە پێنجی ئادار لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ‌ كرد و تا 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت، ڕۆژی 16ـی حوزەیران راوكردن دەست پێ‌ دەكاتەوە.

باسی لەوەش كرد، لەم ماوەیەدا بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاراستنی دارستان، مەفرەزەی گەڕۆكی هەبوو بۆ گرتنی سەرپێچیكاران كە بەهیواین زۆرترین سزا بۆ ئەو كەسانە كرابێت سەرپێچییان كردووە.

روونی كردەوە، ئەو بڕیارە لە هەموو دەریاچە و ڕووبارەكان جێبەجێ‌ كرا، چونكە وەرزی زاوزێی ماسی دەكەوێتە ئەو ماوەیە، سەرجەم راوچییانی ماسیمان لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە.

لە هەرێمی كوردستاندا چەندان زێ و رووبار و دەریاچە هەن كە هاووڵاتییان ساڵانە راوی ماسیی تێدا دەكەن، بەكارهێنانی تەقەمەنی و ئامێری لەناوبەر بۆ راوكردنی ماسی بە تەواوی قەدەغە كراوە.

لە هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ بەرهەمی ماسی لە زیادبووندایە و سامانی ماسی گەیشتووەتە رێژەیەكی دڵخۆشكەر. پڕۆژەكانی ناوخۆ، 60% تا 65%ی پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەكەنەوە و ئەو بەرهەمەش لە زیادبووندایە و ساڵانە هەزاران تۆن ماسی دەخرێنە بازاڕەوە.



وشە - رامیار جەواد